رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە فەرمی داوای لە ئەمریکا کرد فڕۆکەی جەنگیی (F-35) یان پێکهاتەکانی نەفرۆشێتە تورکیا، بەو پاساوەی کە ئەم هەنگاوە هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا تێکدەدات.
ئەم داواکارییەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کاتێکدا دێت کە بڕیارە ئێوارەی رۆژی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی ناتۆ گەشتی ئەنقەرە بکات؛ گەشتێک کە رەنگە تورکەکان وەک دەرفەتێک بیبینن بۆ مسۆگەرکردنی کڕینی دەیان بزوێنەری فڕۆکەی جەنگی و ئەگەری گەڕانەوەیان بۆ پرۆگرامی فڕۆکەی جەنگیی F-35.
نەتەنیاهوو هۆشداریدا لەوەی، خەڵاتکردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە تەکنەلۆژیای سەربازیی پێشکەوتوو کارێکی هەڵەیە، لە کاتێکدا ئەردۆغان "بە ئاشکرا داوای لەناوبردنی ئیسرائیل دەکات."
نەتەنیاهوو لە کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند: "پێموانییە پێویست بێت فڕۆکەی F-35 یان بزوێنەری فڕۆکە جەنگییەکانیان پێبدرێت، چونکە ئەوە هاوسەنگیی هێز لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا تێکدەدات، کە لە کۆتاییدا بە باڵادەستیی ئاسمانیی ئیسرائیل و بە تێڕوانینی من، بە ئامادەیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا مسۆگەر کراوە."
مانگی رابردوو، ترەمپ بەڵێنی دابوو ئەردۆغان "زۆر دڵخۆش" بکات کاتێک پرسیاری لێکرا لەبارەی هەوڵەکانی تورکیا بۆ بەدەستهێنانی بزوێنەری جۆری (F110) و گەڕانەوە بۆ پرۆگرامی F-35.
بەگوتەی شڕۆڤەکاران، تورکیا دەیەوێت ئەم بزوێنەرە نوێیانە بۆ پرۆژەی فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی نیشتمانیی خۆی بە ناوی (KAAN) بەکاربهێنێت، لە کاتێکدا ئەنقەرە هەوڵدەدات بچێتە نێو گرووپی ئەو نەتەوانەی فڕۆکەی شەڕکەری نەوەی پێنجەم بەرهەمدەهێنن، بەتایبەتی ئەمریکا، چین و رووسیا.
لە ساڵی 2017ـدا تورکیا سیستمی بەرگریی مووشەکی (S-400)ی لە رووسیا کڕی، هەنگاوێک کە واشنتنی تووڕە کرد و لە ئەنجامدا لە ساڵی 2019ـدا تورکیای لە پرۆگرامی فڕۆکەی جەنگیی F-35 دەرکرد.
نەتەنیاهوو دەڵێت، سەرەڕای هەندێک ساردوسوڕی لە پەیوەندییەکانیاندا لە هەفتەکانی رابردوودا بەهۆی جەنگی ئێرانەوە، هێشتا وەک هاوپەیمانێکی نزیکی ترەمپ دەمێنێتەوە. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: "ئێمە باشترین هاوپەیمانی یەکدین. پەیوەندیم لەگەڵ سەرۆکدا زۆر باشە."
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە ترەمپ بە ئەکسیۆسی گوت: "نەتەنیاهوو باش دەزانێ کێ سەرۆکە [بڕیاردەرە]، ئێمە نێوانمان باشە."



