رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئێران لە چین رایدەگەیێنێت، باج لەو کەشتییانە وەردەگیرێت کە بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن؛ بەڵام ئەمریکا دژی ئەو کارەی ئێرانە. باڵیۆزەکە دڵنیایی دا کە "وڵاتانی دۆست" مامەڵەی تایبەتیان لەگەڵ دەکرێت.
یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکەیان، مەرجی ئەوەی تێدابوو کە کەشتییە بازرگانییەکان بۆ ماوەی 60 رۆژ بەبێ بەرامبەر بە تەنگەکەدا تێپەڕن، بەڵام هێشتا روون نییە دوای ئەو ماوەیە چ رێکارێک دەگیرێتەبەر.
عەبدولڕەزا رەحمان فەزڵی، باڵیۆزی ئێران لە چین لە کۆڕبەندی ئاشتیی جیهانی لە بەیژینگ گوتى، وڵاتەکەی لەگەڵ عومان لە "هاوئاهەنگی و هاوکاری"دایە بۆ داڕشتنی "رێکاری نوێ" بۆ ئەو رێڕەوە ئاوییە گرنگە.
فەزڵی لە گوتارەکەیدا گوتى: "وەک وڵاتێک کە تەنگەی هورمز بەشێکە لە ئاوە هەرێمییەکانی، ئێمە بێگومان باجی خزمەتگوزاری وەردەگرین،" بەڵام رەتیکردەوە ئەم پارەیە "سەرانە" بێت.
باڵیۆزەکە گوتیشی: "ئەم رێکارە نوێیانە تایبەت دەبن بە گەرەنتیی ئاسایشی تێپەڕبوون لە تەنگەی هورمز، سەرپەرشتیکردنی تێپەڕبوونی کەشتییەکان و هەروەها مامەڵەکردن لەگەڵ لێکەوتە ژینگەییەکانی ئەو ژمارە زۆرەی کەشتییانە."
باڵیۆزی ئێران لە چین ئاماژەی بەوەدا رەچاوی مامەڵەی تایبەت بۆ ئەو وڵاتانە دەکەن کە بە گوتەی ئەو دۆستیانن و لە کاتە سەختەکاندا لەگەڵیان بوون.
بە شێوەیەکی ئاسایی، پێنج یەکی نەوتی خاو و گازی سروشتیی شلکراوەی جیهان بەو تەنگەیەدا تێدەپەڕێت، بەڵام لە کاتی جەنگی ئێران لەلایەن تارانەوە داخرابوو، ئەوەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە.
دوای یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئێران گەمارۆی سەر تەنگەی هورمزی هەڵگرت و ئێستا دانوستاندنەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی هەمیشەیی بۆ چارەسەری ململانێکان بەردەوامن.
.jpg&w=3840&q=75)


