رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ تاران خۆی بۆ رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆچکردووی ئێران ئامادە دەکات کە تائێستا گەورەترینە لە مێژووی وڵاتەکەدا. پێشبینی دەکرێت 10 بۆ 20 ملیۆن کەس بەشدار بن.
رێوڕەسمەکە چەند رۆژێک دەخایێنێت و بڕیارە سەرکردەی وڵاتانی دراوسێی ئێران و چەند وڵاتێکی دیکە بەشدار بن.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دەگاتە تاران و لە رێوڕەسمەکە بەشدار دەبێت.
بەرپرسانی ئێران دەڵێن تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەت خراونەتە خزمەت بەڕێوەچوونی ئەم رێوڕەسمە و ئامادەکارییەکان لە ئاستێکی "بێوێنە"دان.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە لایەن لیژنەی باڵای رێکخستنی رێوڕەسمەکە بڵاوکراونەتەوە، ئامادەکارییەکان بەم شێوەیەن:
بەشداربووان: پێشبینی دەکرێت لە نێوان 10 بۆ 20 ملیۆن کەس لە سەرانسەری ئێرانەوە روو لە تاران بکەن.
شاندە دەرەکییەکان: نوێنەری زیاتر لە 30 وڵاتی جیهان و هاوپەیمانەکانی ئێران بەشدار دەبن.
خزمەتگوزاری: 16 نانەوای گەڕۆک ئەرکی دابینکردنی 50 ملیۆن نان و سەموونیان بۆ بەشداربووان پێسپێردراوە.
تەندروستی: 2500 ئامبوڵانس و تیمە پزیشکییەکان لە شوێنی رێوڕەسمەکە جێگیر کراون.
گواستنەوە: سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی تاران راگیراون.
بارودۆخی ئەمنی و ژینگەیی
بۆ پاراستنی ئاسایشی رێوڕەسمەکە، ئێران زیاتر لە 100 درۆنی چاودێریی بەسەر ئاسمانی تاران دا بڵاوەپێکردووە. هاوکات، شەپۆلێکی تووندی خۆڵبارین و کەشوهەوایەکی نالەبار ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێرانی گرتووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی تاران جەخت دەکەنەوە کە هیچ شتێک رێگری لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە "مێژووییەکە" ناکات.
