رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، بەپێی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن، بڕیارە 6 ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران، کە لە قەتەرە، ئازاد بکرێت.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لێکتێگەیشتنەکە وەکو "سەرکەوتن و دەستکەوتێکی گەورە" بۆ ئێران ناو دەبات و دەڵێت، "لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنەکەدا گەمارۆکانی سەر کەرتی نەوت و پترۆکیمیایی ئێران هەڵگیراون."
دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026 مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە دیدارێکدا لەگەڵ شەبیری زەنجانی، یەکێک لە مەرجەعەکانی شیعە لە شاری قوم رایگەیاند، "بەپێی پلانی داڕێژراو، 6 ملیار دۆلار لە کۆی 12 ملیار دۆلار پارەی بلۆککراوی ئێران لە قەتەر ئازاد دەکرێت و دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئێران."
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، بەدواداچوونی پێویست بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەی بەشەکەی دیکەی ئەو داراییانە بەردەوامە، بەڵام کاتێکی دیاریکراوی بۆ ئازادکردنی ئەو بڕە پارەیە رانەگەیاند.
مەسعود پزیشکیان بە ئاماژەدان بەو ئامادەکارییانەی لەلایەن حکومەتەوە پێشبینی کراون بۆ رووبەڕووبوونەوەی بارودۆخی تایبەت و گوشارە دەرەکییەکان، رایگەیاند، "دووژمنان هەوڵیان دا بە ئامانجگرتنی ژێرخانە گرنگەکانی وڵات لەوانەش کارگەکان، سەرچاوەکان و تواناکانی بەرهەمهێنانی گاز، پیشەسازییەکانی پۆڵا و پترۆکیمیایی، پرۆسەی گەشەپێدان و بەرهەمهێنان پەکبخەن. هەروەها بە سەپاندنی سنووردارکردن لە فرۆشتنی نەوتدا بەدوای دروستکردنی بێکاری و تووندکردنەوەی کێشە ئابوورییەکاندا بوون، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون."
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران رایگەیاندبوو، ئەو پارەیەی ئازاد دەکرێت، تەنیا بۆ کڕینی خۆراک بەکاردێت، ئەویش بەو مەرجەی تەنیا لە جووتیارانی ئەمریکا بکڕدرێت.
لە بەرامبەردا، بەرپرسان و میدیا فەرمییەکانی ئێران ئەو گوتانەی ترەمپ رەتدەکەنەوە و رایانگەیاند، هیچ مەرج و پابەندییەک لەسەر چۆنیەتی خەرجکردنی سەرچاوە داراییە ئازادکراوەکان لەئارادا نییە.
عەبدولناسر هیممەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند، "بەپێی یاداشتە واژۆکراوەکە، هیچ مەرجێک نییە بۆ ئەوەی ئێران بەرهەمی کشتوکاڵی لە ئەمریکا بکڕێت."
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران دەشڵێت؛ بێگومان ئەگەر نرخ و کوالێتی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەمریکا لە چاو وڵاتانی دیکە گونجاوتر بێت، هیچ رێگرییەک لە کڕینیان نییە.
'لێکتێگەیشتنەکە سەرکەوتنێکی گەورەیە'
سەرۆککۆماری ئێران، رێککەوتنی ئەم دواییەی وەک دەستکەوتێکی گرنگ بۆ گەلی ئێران وەسف کرد و گوتی، "ئەم رێککەوتنە، بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ گەلی ئێران دادەنرێت کە لە چوارچێوەیدا، گەمارۆ نەوتی و پێترۆکیمیاییەکان لادراون."
پزیشکیان رایگەیاند، حکومەت هاوکات لەگەڵ بەدواداچوونی پرۆسەی بونیاتنانەوە، بەرنامەکانی پاڵپشتی لە بژێوی خەڵکی خستووەتە ناو بەرنامەی کارەکانی خۆیەوە و زیادکردنی پارەی بەشەخۆراک (کالابەرگ) یەکێکە لەم هەنگاوانە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پزیشکیان ئاماژە بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران کردەوە و روونیکردەوە، عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر بە روونی و راشکاوی رایگەیاندووە، ئێران بەدوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمیدا ناگەڕێت و هێشتاش جەخت لەسەر هەمان هەڵوێست دەکەنەوە.
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، "ئێمە ئەم دڵنیاییە دەدەینە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە چالاکییە ئەتۆمییەکانمان هاوتەریب لەگەڵ پێداویستییەکانی وڵات و لە چوارچێوەی سیاسەتە راگەیێندراوەکانی وڵاتەکەماندا بەکاردەهێنین."
ئێران و ئەمریکا، لە 18ی حوزەیرانی 2026دا، لێکتێگەیشتنێکیان واژۆ کرد، لەسەر بنەمای ئەو لێکتێگەیشتنە، کۆتاییهاتنی خێرا و هەمیشەیی کردەوە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکاندا راگەیێندرا و هەردوولا بەڵێنیان دا لەمەودوا هیچ جۆرە جەنگ یان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی یەکدی نەکەن. هەروەها بەپێی لێکتێگەیشتنەکە، بڕیارە بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد بکرێت.



.jpg&w=3840&q=75)