رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەو هەواڵانەی باس لە گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر دەکەن راست نین، هیچ پلانێکیش بۆ کۆبوونەوە تەکنیکییەکانی لیژنەکانی هەردوو وڵات بۆ ئەم هەفتەیە دانەنراوە.
دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026 کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوە و دانوستاندنکاری باڵای ئێران، لە وەڵامی پرسیاری میدیاکاندا سەبارەت بە بەڕێوەچوونی دانوستاندنە تەکنیکییەکان لەنێوان ئێران و ئەمریکا لە چوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ گوتی، "هیچ پلانێک بۆ کۆبوونەوە تەکنیکییەکانی لیژنەکانی هەردوو وڵات بۆ ئەم هەفتەیە دانەنراوە."
غەریبئابادی ئاماژەی بەوەش کرد، "هەرچەندە راوێژەکان لەگەڵ قەتەر بەپێی رێڕەوی ئاسایی خۆی بەردەوامە، لەوانەش سەبارەت بە بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی لایەنی بەرامبەر، بەڵام هەواڵی هەندێک لە میدیاکان لەبارەی گفتوگۆ تەکنیکییەکانی لیژنەکان لە دەوحە، پشتڕاست ناکرێتەوە."
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە دا، یەکەم خولی گفتوگۆ تەکنیکییەکان لە چوارچێوەی لیژنە دیاریکراوەکاندا، لەگەڵ رەخسانی هەلومەرجەکە و دوای رێککەوتن لەسەر رێکەوت و شوێنەکەی بەڕێوەدەچێت. هەروەها راوێژکارییەکان لەمبارەیەوە لە رێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە بەردەوامن.
بەرپرسان و میدیای ئەمریکی باس لەوە دەکەن، رۆژی سێشەممە کۆبوونەوەیەک لەنێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا لە قەتەر دەکرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ لە پەیامێکدا لە تروس سۆشیال رایگەیاند، "ئێران داوای کۆبوونەوەی کردووە و کۆبوونەوەکە سبەی سێشەممە لە دەوحەی قەتەر بەڕێوەدەچێت."



.jpg&w=3840&q=75)