رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین دەڵێت، تورکیا خێزانێکی کوردی خەڵکی عەفرینی رادەستی گرووپێکی چەکداری سووریا کرد.
ئیبراهیم شێخۆ، گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خێزانەکە لە 4 کەس پێکهاتوون: وەلید حەسەن بەرەکات، تەمەن 42 ساڵ کە ئەندازیارە، ئەربیل ئیبراهیم حەنان، هاوژینی وەلید بەرەکات، حەسەن وەلید بەرەکات 8 ساڵ و لاڤەند وەلید بەرەکات 6 ساڵ.
گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین روونیکردەوە، ئەو خێزانە خەڵکی گوندی جلمەی سەر بە شارۆچکەی شێراوای هەرێمی عەفرینن و لە 8-12-2020دەستگیرکران، دوای ئەوەی هەوڵیاندا لە ئەدرنەی تورکیاوە بپەڕنەوە یۆنان.
ئیبراهیم شێخۆ گوتی، خێزانەکە لە کاتی پەڕینەوەیدا بۆ یۆنان تەنیا نەبووە، بەڵام بەرپرسانی تورکیا خێزانەکانی دیکەیان ئازادکردوون و ئەو خێزانە کوردەیشیان رادەستی گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا کردووە.
ئیبراهیم شێخۆ ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی زانیارییەکان ئەو خێزانە گواستراونەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوچەی "حوار کلس"ی سەر بە شاری ئەعزاز، کە هێزی سوڵتان مورادی نزیک لە تورکیا تێیدا باڵادەستە و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
لە 20ی کانوونی دووەمی 2018دا سوپای تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشیانکردە سەر هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان و دوای دوو مانگ لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە عەفرین کۆنتڕۆڵکرا.



