رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان کە دەست بە بەکارهێنانی ئاوەوە بگرن، چونکە بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ناوچەکە دەگرێتەوە، ئەگەری لێڵبوونی ئاوی رووبارەکان هەیە و بەو هۆیەوە پێدانی ئاو کەم دەبێتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هۆشداری دەدەینە هاونیشتمانییان کە گرنگە دەست بە بەکارهێنانی ئاوەوە بگرن، چونکە بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانەی پێشبینی دەکرێ لە رۆژانی داهاتوودا ناوچەکەمان بگرێتەوە، ئەگەری لێڵبوونی ئاو هەیە. سەرچاوەی ئاو رووبارەکانن کە قوڕ و لیتە لەگەڵ خۆیان دەهێنن و لێڵ دەبن."
بەگوتەی رابەر حوسێن، لێڵبوونی سەرچاوەکانی ئاو راستەوخۆ کار دەکاتە سەر بەرهەمهێنان و دابەشکردنی ئاو و گوتی: "لە رۆژانی داهاتوودا بەهۆی لێڵبوونی ئاوەوە، پێدانی ئاو لە هەولێر کەم دەبێتەوە. پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی ئاوی ئیفرازی 1، 2، 3 و فریاگوزاری دەوەستێندرێن، ئاو زۆر کەم دەبێتەوە و کاژێرەکانی پێدانی ئاو زۆر کەم دەبنەوە."
پڕۆژەکانی دابینکردنی ئاو بۆ شاری هەولێر جگە لە پڕۆژەکانی ئیفرازی 1، 2 و 3، پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریش لەخۆدەگرێ.
ئەم هۆشدارییەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر لە کاتێکدایە، بەپێی نوێترین پێشبینییەکانی کەشناسی، لەمڕۆ یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستان دەگرێتەوە و پێشبینییەکە بەو جۆرەیە ئێوارەی رۆژی سێشەممە بارانێکی زۆر ببارێ.




