رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی نیشتمانی رایگەیاند، "هێزێکی ئەمنیی زۆر" لە هەولێر چوونەتە سەر بارەگاکەیان و دایانخستووە. پارێزگاری هەولێر دەڵێ، بارەگاکە بە بڕیاری دادگە و لەسەر داوای بەشێکی حیزبەکەی خۆیان داخراوە.
دڵشاد بابان، سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری سلێمانی، وردەکارییەکانی داخستنی بارەگاکەیان لە هەولێر دەخەنەڕوو.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێزێکی پۆلیس بەگوێرەی یاسا و بە بڕیاری دادوەر چوون و بارەگای هاوپەیمانیی نیشتمانییان لە هەولێر داخستووە."
ئومێد خۆشناو گوتی: "ئەو حیزبە بوون بە دوو گرووپ، یەکێکیان ناوی هاوپەیمانیی نیشتمانی و ئەوی دیکە هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمانی، ئێستا لەسەر داوای لایەنێکیان و بەگوێرەی یاسای پارتە سیاسییەکان ژمارە 17ی ساڵی 1993 هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا کراوە."
پارێزگاری هەولێر گوتی: "فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ پۆلیس چووە بۆ داخستنی بارەگاکە، فەرمانەکە بۆ سلێمانیش چووە، چونکە تەنیا لەو دوو شارە بارەگایان هەیە؛ لە هەولێر فەرمانەکە جێبەجێ کراوە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە 17ی مانگی نۆی ئەم ساڵ، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان فەرمانێکی وەزاریی دەرکردووە بەگوێرەی یاسای حیزبەکانی هەرێمی کوردستان ژمارە 17ی ساڵی 1993ی هەموارکراو و بە واژۆی وەزیری ناوخۆ فەرمان کراوە، "ناوی هاوپەیمانیی نیشتمانی بۆ هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمانی" بگۆڕێت و لە رۆژی دەرچوونی فەرمانەکەوە جێبەجێ بکرێ.
هەروەها لە نووسراوێکی دیکەدا کە هەشتی ئەم مانگە بۆ پارێزگای هەولێر نێردراوە، وەزیری ناوخۆ داوای کردووە، لەسەر داوای پارتی (هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمان) بارەگاکانی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە هەولێر و سلێمانی دابخرێن.
دوای نووسراوی وەزیری ناوخۆ، پارێزگاری هەولێر دوێنێ 18ی مانگ نووسراوێکی بۆ ئاسایش و پۆلیسی هەولێر کردووە و تێیدا داوا دەکات، بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی وەزیری ناوخۆ کاری پێویست ئەنجام بدەن.
هاوپەیمانیی نیشتمانی سەرەتا بە ناوی (هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری) لەلایەن د. بەرهەم ساڵحەوە دامەزرا و دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بۆ "هاوپەیمانیی نیشتمانی" و لەلایەن ئارام قادرەوە سەرۆکایەتی دەکرا؛ دوای دەستلەکارکێشانەوەی ئارام قادر، دڵشاد بابان بووە سەرۆکی حیزبەکە.



