رووداو دیجیتاڵ
تەحینی ئامێدی، یەکێکە لە باشترین بەرهەمە خۆماڵییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە کونجییەک دروست دەکرێ کە بەری خاکی کوردستانە. خواست لەسەر تەحینی ئامێدی زۆرە و بەشێکیشی هەناردە دەکرێت.
لە سنووری پارێزگای دهۆک، ساڵانە زیاتر لە دوو هەزار 653 دۆنم زەوی بە کونجی دەچێندرێت، بەرهەمەکەی زیاتر لە 625 تۆن کونجی و 470 تۆن تەحینە. تەنیا لە سنووری قەزای ئامێدی نزیکەی 800 دۆنم زەوی بە کونجی دەچێندرێت، کە ساڵانە نزیکەی 240 تۆن تەحینی لێ بەرهەم دەهێندرێت.
کاروان حاجی سەعید، ئەندامی خولی چوارەمی فێستیڤاڵی تەحین و بەرهەمە خۆماڵییەکان لە ئامێدی بە رووداوی گوت، "ئەم ساڵ زیاتر لە 100 کەپرمان ئامادە کردووە، 76یان بە جووتیاران دراون و ئەوانی دیکەش بۆ نمایشکردنی کاری دەستی و خواردنە کوردەوارییەکانن."
لە فێستیڤاڵەکەدا جگە لە تەحین، هەنگوین، برنج، قەیسی، بەرهەمە وشککراوەکان، شیرەمەنی، هەنار و سەرجەم بەرهەمە خۆماڵییەکانی ناوچەکە نمایش دەکرێن.
یەکێک لەو تەحینانەی کە مێژوویەکی کۆنی هەیە و تاوەکو ئێستاش بەردەوام بەرهەم دەخاتە بازاڕاوە، تەحینی (پرا عیسێ)یە کە مێژووەکەی بۆ 500 ساڵ دەگەڕێتەوە.
چەندین ئاش بۆ دروستکردنی تەحین لەو قەزایە هەن، بەشێکیان تاوەکو ئێستاش بە شێوازە کۆنەکە کاردەکەن کە پێی دەگوترێ (ئاشی ئاو) و بەشێکی دیکەشیان ئاشی کارەباییە. لە 600 کیلۆ کونجی، نزیکەی 450 کیلۆ تەحین دروست دەکەن. بەرهەمی تەحینەکەیان لە فێستیڤاڵێکدا نمایش دەکرێت و کیلۆی بە 10 هەزار دینار دەفرۆشرێت.
یەکەمجار، 23-11-2023 لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک بە بەشداریی 27 کارگە و ئاشی تەحینی دەڤەرەکە، فێستیڤاڵی تەحین بەرێوەچوو.

