رووداو دیجیتاڵ
ئەو گەنجەی لە قەزای کفری بە گومانی هەبوونی پەیوەندی بە داعش دەستگیرکرابوو، دوای سەلماندنی ناجێگیریی باری دەروونیی، ئەمڕۆ ئازادکرا.
داود خەلیل، باوکی ئەیوب، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە هەر لە سەرەتاوە گوتمان کوڕەکەمان هیچ پەیوەندییەکی بە داعشەوە نییە و باری دەروونیی باش نییە؛ دوای ئەوەی پشکنینی پزیشکی بۆ کرا و دەرکەوت لەڕووی دەروونییەوە نەخۆشە، ئەمڕۆ ئازادکرا."
باوکی ئەو گەنجە ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی خراپیی باری داراییانەوە نەیانتوانیوە لە رابردوودا بیبەنە لای پزیشکی دەروونی و گوتی: "لە ئاسایش پشکنینی پزیشکیی بۆ کرا و بۆیان دەرکەوت دۆخی دەروونیی تەواو نییە."
رۆژی هەینی، 30ـی تشرینی یەکەم، ئەیوب داود لە کاتی گوتاری نوێژی هەینیدا چووبووە نێو چەند مزگەوتێکی قەزای کفری لە ئیدارەی گەرمیان و نامەیەکی دابووە دەست گوتاربێژەکان. بەهۆی گومانلێکردنی لە هەبوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعش، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا و دواتریش دوو کەسی دیکە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی دەستبەسەرکران.
ئەیوب داود لەدایکبووی ساڵی 2006ـە و دانیشتووی قەزای کفرییە، لە خێزانەکەیدا خاوەنی دوو خوشک و برایەکی دیکەیە.



