رووداو دیجیتاڵ
لە گوندێکی سنووری شارباژێڕ لە پارێزگای سلێمانی، کەسێک کوژرا و ژمارەیەک کەسیش دەستگیرکران.
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو دەڵێ، رووداوەکە لە گوندی ژاژڵەی سنووری قەزای ماوەت لە شارباژێر بووە و تێیدا کەسێک بەناوی فەرەیدوون کەریم لەدایکبووی ساڵی 1974 ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی کوژرا.
موقەدەم ئاری لەتیف، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە رووداوێکی کوشتن ئاگادار کراینەوە لە گوندی ژاژڵە. تیمەکانمان چوونە شوێنی رووداوەکە و دەرکەوت کەسێک کوژراوە."
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، رووداوەکە بەو شێوە بووە کە "دوای ئەوەی دەمەقاڵێ دروستبووە، شەڕ هەڵگیرساوە، پاڵ بە فەرەیدوون کەریمەوە نراوە، سەری بەر بەردێک کەوتووە و گیانی لەدەستداوە."
ئاری لەتیف ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر ئەو رووداوە 4 تاوەکو 6 کەس دەستگیرکراون، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکرێ و دوای دەرکەوتنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە و بڕیاری دادوەر دەردەکەوێ کێ بکوژ بووە و سزای خۆی وەردەگرێ.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، رووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆنی خێزانییەوە بووە.


