رووداو دیجیتاڵ
ئەفسەرێکی خانەنشینکراوی هێزی پێشمەرگە لە شاری سلێمانی دەڵێ سەرەڕای ئەوەی بەپێی یاسا تەمەنی خانەنشینی نەهاتووە، بەڵام بەبێ ئاگاداریی خۆی خانەنشین کراوە و ساڵێکە هیچ مووچەیەکی وەرنەگرتووە. دەشڵێت، سەرەڕای رەزامەندیی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی، بەڵام لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر نەدراوە.
عومەر حوسێن کەریم، تەمەن 51 ساڵ (لەدایکبووی 17-10-1974)، کە لە ساڵی 1996 دامەزراوە و بێدابڕان لە راژەدا بووە، بە رادیۆی رووداوی گوت، لە ساڵی 2018ـەوە لەسەر میلاکی یەکەی 70 گواستراوەتەوە بۆ یەکەی 80، بەڵام لە کاتی خۆیدا پلەکەی (موقەدەم) و شایستەی دارایی و کارگێڕیی پێ نەدراوە و میلاکیان بۆ نەبەستووە.
ئەو ئەفسەرە دەڵێت: "لە مانگی 12ی 2025 ئاگادار کراومەوە کە خراومەتە سەر لیستی خانەنشین بە شێوەی ئیجباری، لە کاتێکدا توانای بەردەوامبوونم هەیە و هاوڕێکانی من پلەیان لە پلەی عەمیدە، کەچی کەسانی تەمەن گەورەتر لە من لە پۆستەکانیان ماونەتەوە و تەنیا من خانەنشین کراوم".
بەپێی بەدواداچوونەکان و ئەو بەڵگەنامەیانەی دەست رادیۆی رووداو کەوتوون، نووسراوی فەرمی لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران (سەرۆکایەتیی دیوان) بەرز کراوەتەوە بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیەی خانەنشینکردنی ئەو پێشمەرگەیە بەپێی ماددەی (46) لە یاسای راژە و خانەنشینیی سەربازیی عێراق ژمارە (3ی ساڵی 2010) و یاسای راژە و خانەنشینیی پێشمەرگە ژمارە (38ی ساڵی 2007)، بەڵام سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر نووسراوەکە نووسیویەتی: رەزامەندی نەدراوە لەسەر داواکاریی وەزارەتی بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنیشینی.
فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە، سەبارەت بەم دۆسیەیە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، پڕۆسەی خانەنشینکردنی ئەفسەران بە شێوەی تەمەنی یاسایی بەپێی خشتەی پلەکان بەڕێوەدەچێت و بۆ ئەفسەران پرۆسەکە بە شێوەی ئیجبارییە لە کاتی تەواوبوونی مەرجە تەمەنییەکاندا.
بەپێی ماددەی (25) لە یاسای راژە و خانەنشینیی پێشمەرگە ژمارە (38)ی ساڵی 2007، تەمەنی خانەنشینی بۆ پلە سەربازییە جیاوازەکان دیاری کراوە، لەوانەش عەقید لە تەمەنی 57 ساڵی، موقەدەم لە تەمەنی 55 ساڵی و رائید لە تەمەنی 51 ساڵی خانەنشین دەبن. لە کاتێکدا عومەر حوسێن دەڵێت تەمەنی 51 ساڵە و هێشتا ماوەی خزمەتکردنی ماوە، چونکە ئەو پلەی بەرز نەکراوەتەوە لەکاتێکدا هاوڕێکانی ئەو پلەکانیان گەیشتوونەتە پلەی عەمید، بەڵام ئەو هەر بە رائید ماوەتەوە.



