رووداو دیجیتاڵ
ئەو مامۆستایەی زانکۆی هەڵەبجە کە مانگی رابردوو لە رووداوێکدا لە وڵاتی چین گیانی لەدەستدا، تەرمەکەی گەیێندرایە فڕۆکەخانەی بەغدا و ئەمڕۆ دەگەیێندرێتەوە هەرێمی کوردستان.
رۆژی سێشەممە 08-09-2026 تەرمی محەممەد سەعدەدین هادی، مامۆستای زانکۆی هەڵەبجە و خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی ئۆشیانی چین، کاژێر 05:56ـی بەیانی لە رووبارێکدا دۆزرایەوە.
سامی سەعدەدین، برای مامۆستا محەممەد، ئەمڕۆ هەینی 16-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای ئەوەی تەرمەکە گەیێندرایە فڕۆکەخانەی بەغدا، ئێستا بەڕێگەوەیە بۆ سلێمانی".
تەرمەکە بە ئۆتۆمبێل دەهێنرێتەوە و دواتر دەبرێتەوە شاری هەڵەبجە و لەوێ بەخاکی دەسپێرن.
دوای رووداوەکە کۆنسووڵخانەی گشتیی چین لە هەولێر رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی چین "دەستبەجێ تیمێکی تایبەتیان بۆ لێکۆڵینەوە پێکهێناوە" و داوایان لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد خۆیان لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی پشتڕاستنەکراوە بەدوور بگرن.
تاوەکو ئێستا بەڕوونی هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو هاونیشتمانییەی هەڵەبجە لە چین رانەگەیێندراوە.
