رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی عێراق رەزامەندی لەسەر دابینکردنی یەک ملیۆن لیتر نەوتی سپی هاونیشتمانییان لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.
چنار مستەفا دەربەندی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ئەوەی لە وەرزی زستاندا پلەی گەرما لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە زیاتر دادەبەزێت و هاوڵاتییان رووبەرووی سەرما و سۆڵەی سەخت دەبنەوە، پێویستیان بە بڕێکی زیاتر نەوتی سپیە. بۆیە داوام لە وەزیری نەوتی عێراق کردووە بڕێکی زیاتر لە نەوتی سپی بۆ ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی ناوچە سنوورییەکان وەک باڵەکایەتی و حاجی ئۆمەران، دابین بکات و رەزامەندیی لەسەر ئەو داواکارییە دەربڕیوە".
چنار مستەفا گوتیشی: "دوو ساڵە داوای دابینکردنی بڕێکی زیاتر لە نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هاوڵاتییانی ناوچە شاخاوییەکان دەکەم. ئەو بڕەی ئێستا وەزیری نەوت رەزامەندی لەسەر دەربڕیوە، یەک ملیۆن لیترە، بەڵام هێشتا دیار نییە بە چ شێوازێک و چۆن دابەش دەکرێت".
لە وەرزی زستاندا، لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی حاجی ئۆمەران، چۆمان و دەڤەری باڵەکایەتی، پلەی بەجۆرێک دادەبەزێت کە هەندێجار دەگاتە -20 پلەی سیلیزی.



