رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی هەرێمی کوردستان دەڵێ، بە نووسراوی فەرمی، داوایان لە بەغدا کردووە، لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دۆلار بە نرخی فەرمی بدرێتەوە بە گەشتیار.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئانۆ جەوهەر بە رووداوی راگەیاند: "نووسراومان کردووە و داوامان کردووە دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ گەشتیاران دەستپێبکاتەوە، ئێستا نووسراوەکە لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە بەغدا و بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و چاوەڕوانی وەڵامین."
وەزیری گواستنەوەو گەیاندن گوتیشی، "دەبێ دۆلارەکە بە نرخی بانکی ناوەندنی هەژماربکرێت، بەهەمان شێوەی فڕۆکەخانە نیوەدەوڵەتییەکانی عێراق وەکو نەجەف، کەربەلا، کەرکووک و بەسرە، مامەڵە لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مام جەلال لە سلێمانی بکرێت."
بەپێی ناوەڕۆکی نووسراوەکەی وەزیری گواستنەوەو گەیاندن کە ژمارە 12یە و لە 12ی تشرینی یەکەم 2026 بۆ نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا نێردراوە، داواکراوە لقێکی کۆمپانیای (ئەتڵەس) لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.



