رووداو دیجیتاڵ
جووتیارێک لە سنووری پارێزگای دهۆک دەڵێ، خەیاری ئێرانی بە نرخێکی هەرزان دەفرۆشرێ، ئەوەش وایکردووە جووتیارانی ناوچەکە نەتوانن بەرهەمی خۆیان بە نرخی گونجاو بفرۆشن.
جێگر جەمال چاوشین، جووتیار لە قەزای ئاکرێ بە رووداوی راگەیاند، "چەندین تۆن خەیاری ئێرانی هاوردەی دهۆک کراوە و بە نرخێکی زۆر هەرزان دەفرۆشرێ. ئەمە لە کاتێکدایە کە هاوردەکردنی خەیار بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو 15ی تشرینی دووەمی 2026 قەدەخەیە."
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک، لەو بارەیەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "دوای گەیشتنی سکاڵای جووتیاران و ئاگاداربوون لە هێنانی خەیاری ئێرانی، لیژنەیەکمان بۆ بەدواداچوون پێکهێنا."
ئەحمەد جەمیل رایگەیاند: "لە ئەنجامی بەدواداچوونەکەمان دەرکەوت کە چەند تۆنێک خەیار لە سنووری سلێمانییەوە هێنراوەتە هەرێمی کوردستان و لە عەلوەی هەولێرەوە هێنراوەتە بازاڕی دهۆک. لیژنەیەکمان پێکهێنا و دەستمان بەسەر هەموو خەیارەکاندا گرت".
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک گوتی، "لیژنەی دارایی لە پارێزگا هەیە و رێکارە یاساییەکان بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر. سبەی هیچ خەیار و سێوێکی ئێرانی لە دهۆک نامێنێت."
5ی تشرینی یەکەمی 2026 لیژنەکانی قایمقامییەت لە عەلوەکانی هەولێر دەستیان بەسەر چەندین تۆن خەیاری ئێرانی دا گرت.
بەپێی بڕیارەکانی کشتوکاڵ، هاوردەی خەیار لە وەرزی بەرهەمی ناوخۆدا قەدەخەیە، بە مەبەستی پاراستنی بەرهەمی جووتیاران و رێگریکردن لە زیانگەیاندن بە بازاڕی بەرهەمی ناوخۆ.


