رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گەڕەکی 26ی گوڵان لە شاری سۆران لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، نیگەرانن لە نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپیی شەقام و تۆڕی ئاوەڕۆی گەڕەکەکەیان، سەرۆکی شارەوانیی شارەکەش دەڵێت، بەهۆی تەنگژەی داراییەوە پڕۆژەی گەڕەکەکە راگیرابوو، بەڵام هەوڵ هەیە دەستپێبکرێتەوە.
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی 26ی گوڵان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "کۆڵانەکەی ئێمە نزیکەی 60 ماڵی لێیە و یەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکانی سۆران، بەڵام زیاتر لە چوار بۆ پێنج ساڵە هیچ خزمەتگوزارییەکی بۆ نەکراوە. شەقامەکان ئەوەندە چاڵیان تێدا دروستبووە ئۆتۆمبێلەکانمانی وێران کردووە و ئاوەڕۆکەشی لە دۆخێکی زۆر خراپدایە."
بە گوتەی دانیشتووانی گەڕەکەکە، پێشتر لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی قیرکردنیان پێدراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە و داوا دەکەن بە زوویی ئاوڕیان لێبدرێتەوە.
شارەوانی: سەردانی مەیدانی دەکەین
لە بەرامبەردا، ئەندازیار قەیتەران حەسەن، سەرۆکی شارەوانیی سۆران، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو باسی لە هۆکاری راوەستانی پرۆژەکە کرد و گوتی: "پڕۆژەکە پڕۆژەیەکی گەورەیە و دراوەتە کۆمپانیای هەبابان، بەڵام لە ماوەی رابردوودا بەهۆی کێشەی داراییەوە کارەکانی راوەستابوو. ئێستا بەپێی ئەو بودجەیەی لەبەردەستدایە، هەوڵ هەیە دەست بە کارکردن بکرێتەوە."
سەرۆکی شارەوانیی سۆران گوتیشی: "لە قۆناخی یەکەمدا ئەو شەقامانە چاک دەکرێن کە زۆر پێویستن و هاتووچۆیان لەسەرە تاوەکو بارودۆخی دارایی بەتەواوی باش دەبێت. بە شێوەیەکی مەیدانیش سەردانی گەڕەکەکە دەکەین تاوەکو بڕیاری پێویستی لەسەر بدەین."


