رووداو دیجیتاڵ
لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی رەفەی تایبەت لەنێو هۆڵەکانی خوێندندا دانران و خوێندکاران ناچار دەکرێن لە کاتی وانەکاندا مۆبایلەکانیانی لەسەر دابنێن. راگری کۆلێژەکەش دەڵێت، بڕیارەکە بۆ دروستکردنی کەشێکی لەباری خوێندنە.
وەرزێر، خوێندکار لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سلێمانی، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، هەموو خوێندکارانی کۆلێژەکەیان ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێت لە کاتی وانەگوتنەوەدا مۆبایلەکانیان لەو رەفانەدا دابنێن کە لەناو هۆڵەکاندا بۆیان هەڵواسراون.
"بڕیاری ئەنجوومەنی کۆلێژە"
د. خالید ئەحمەد، راگری کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی، هۆکاری بڕیارەکەی بۆ رووداو روونکردەوە و گوتی: "رەفەکان لە تەواوی هۆڵەکاندا هەڵواسراون. بەپێی رێنماییەکانی رەفتاری ئەکادیمیی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەنجوومەنی کۆلێژ بە باشی زانی ئەم هەنگاوە بنێت تاوەکو خوێندکار تەواوی سەرنجی لەسەر وانەکەی بێت و کەشوهەوایەکی گونجاو بۆ خوێندکاران و مامۆستایان فەراهەم بکرێت."
سەبارەت بە حاڵەتە کتوپڕەکانیش، راگری کۆلێژەکە گوتی: "ئەمە وەک دەستپێشخەرییەکی کۆلێژەکەی ئێمەیە؛ ئەگەر هەر خوێندکارێک بەهۆی حاڵەتێکی پێویست یان پەیوەندییەکی کتوپڕەوە پێویستی بە مۆبایلەکەی بێت، یان بۆ ئەرکێکی وانەکە بەکاریبهێنێت، مامۆستا رێگەی پێدەدات و هیچ گرفتێک دروست نابێت."


