رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ دەنگێکی بەهێز لە نزیک بازاڕی شاری هەڵەبجە بیسترا و نیگەرانیی لای دانیشتووانی ناوچەکە دروستکرد، پۆلیسی پارێزگاکەش هۆکارەکەی بۆ تەقینی خەزانێکی ئوتووی هەڵمی دەگەڕێنێتەوە و رایدەگەیێنێت، رووداوەکە زیانی مادی بە پێنج ماڵ گەیاندووە.
رۆژی دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاکام قوتبەدین، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕەکی شافیعی نزیک بازاڕ، کە چەندین ماڵ و دووکانی لێیە، دەنگێکی بەهێز بیسترا. ئەویش بەهۆی تەقینی خەزانێکی ئوتووی هەڵمی لەسەر بانی ماڵێک".
سەبارەت بە زیانەکان، گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە گوتی: "تەقینەوەکە تەنیا زیانی مادی لێکەوتووەتەوە و بەهۆیەوە پەنجەرە و دەرگەی نزیکەی پێنج ماڵی دەوروبەری رووداوەکە شکاون".
بە گوتەی ئاکام قوتبەدین، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک سکاڵای یاسایی تۆمار نەکردووە.
گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە دەڵێ، دەستبەجێ تیمەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و بەدواداچوون بۆ رووداوەکە.



