رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی کەشوهەوا ناجێگیر دەبێت و باران دەبارێ. کەشناسێک پێشبینی دەکات، زۆرترین بڕی باران لە ناوچە شاخاوییەکان ببارێت.
پێنجشەممە 01-10-2026 کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لە ئەنجامی هاتنی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای نێوەڕاست، کەشوهەوا بە گشتی ناجێگیر دەبێت، نمەباران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی دەبارێت، لە هەندێک ناوچە هەورەبرووسکەی لەگەڵ دەبێت؛ بارانبارین سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی گەرمیانەوە دەستپێدەکات و لە ئێوارەدا لە زۆربەی ناوچەکان بارانی لاواز دەبارێت".
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە کەشوهەوای سبەی کردووە و رایگەیاندووە: "نمەباران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی دەبارێت، سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سۆران دەبێت، پاشان بارانبارین دەگاتە ناوچەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە".
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ 01-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەم شەپۆلەی بارانباریندا زۆرترین رێژە لە ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت، پاشان ناوچە نیمچە شاخاوییەکان".
شاڵاو هیدایەت پێشبینی دەکات، 6ـی ئەم مانگە شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و گوتی: "شەپۆلی داهاتوو لەم شەپۆلە باشتر دەبێت کە ئێستا دەستی پێکردووە".
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلەی سیلیزی دادەبەزێت و بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر: 29 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 28 پلەی سیلیزی
دهۆک: 28 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 29 پلەی سیلیزی
سۆران: 27 پلەی سیلیزی
پیرمام: 24 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 29 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 29 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 27 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 33 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 20 پلەی سیلیزی


