رووداو دیجیتاڵ
بە دروشمی "من کوردستانیم"، ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی خولی 18یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بەردەوامن.سەرپەرشتیاری پێشانگەکە دەڵێت: "زیاتر لە 400 وەشانخانە بە زیاتر لە یەک ملیۆن ناونیشانەوە بەشدار دەبن".
ئەمڕۆ یەکی تشرینی یەکەمی 2026، ئیهاب قەیسی، سەرپەرشتیاری پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بە رووداوی گوت: "بە دروشمی "من کوردستانیم".. خولی 18یەمی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب دەستپێدەکات."
لە بەرامبەریشدا دەزگا و ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، سەرەڕای نیگەرانییان لە بەرزیی تێچووی چاپ و کرێی بەشداریکردن، بە سەدان کتێبی نوێ و داشکاندنی تایبەتەوە ئامادەی پێشوازیکردن لە خوێنەرانن.
رۆژی 21ی تشرینی یەکەمی داهاتوو، چالاکییەکانی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب دەستپێدەکات. پێشانگەکە لەلایەن دەزگای مەدا بۆ راگەیاندن، رۆشنبیری و هونەر، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان، یەکێتیی نووسەران، ئەدیبانی عێراق، کۆمەڵەی بڵاوکاران و کتێبفرۆشانی عێراق، بە چاودێریی سەرۆک بارزانی رێکدەخرێت و تاوەکو 31ی هەمان مانگ لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەردەوام دەبێت.
ئیهاب قەیسی روونیکردەوە، "زیاتر لە 400 وەشانخانە لە 18 وڵاتەوە بەشدار دەبن و زیاتر لە یەک ملیۆن ناونیشانی جۆراوجۆر لە بوارەکانی ئەدەب، هزری و مەعریفە دەخرێتەڕوو. کتێبەکان بە زمانەکانی عەرەبی، کوردی بە دیالێکتە جیاوازەکانییەوە، هەروەها ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی، فارسی، تورکی و چەند زمانێکی دیکەی بیانی بەردەست دەبن."
ئیهاب قەیسی لەبارەی هەڵبژاردنی دروشمەکەوە دەڵێت: "هەڵبژاردنی دروشمی (من کوردستانیم) بۆ خولی 18یەم، لە روانگەیەکی رۆشنبیرییەوە سەرچاوەی گرتووە کە رێز لە ناسنامەی کوردی وەک ناسنامەیەکی شارستانی کراوە دەگرێت و ئامادەیی خۆی لە مێژوو، زمان، یادەوەری، ئەدەب، جلوبەرگ، مۆسیقا و هونەرەکانەوە وەردەگرێت؛ هاوکات بەهاکانی پێکەوەژیان، فرەیی و کرانەوە بەڕووی ئەوانی دیکەدا دەچەسپێنێت."
بە گوتەی ئەو سەرپەرشتیارەی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دروشمەکە گوزارشت لە شانازیکردن بە ئینتیماوە دەکات وەک بەهایەکی رۆشنبیری، مرۆیی و پردێکە بۆ گفتوگۆ و پەیوەندیی نێوان کولتوورەکان. ئامانجیش لێی خستەڕووی وێنەیەکی هاوچەرخی کولتووری کوردییە کە تایبەتمەندییە مێژووییەکانی لەگەڵ توانای کارلێککردن لەگەڵ دەوروبەرە عێراقی، هەرێمی و جیهانییەکەیدا کۆدەکاتەوە.
پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب یەکێکە لە رووداوە رۆشنبیری و جەماوەرییە دیارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق. فەزایەکی فراوان پێکدەهێنێت کە وەشانخانەکان، نووسەران، رۆشنبیران و خوێنەران کۆدەکاتەوە و رێز لە فرەچەشنیی کولتووری، زمانی و کرانەوە بەڕووی ئەزموونە هزری و ئەدەبییە جیاوازەکاندا دەگرێت.
لەو بارەوە غەمگین بۆڵی، بەڕێوەبەری ناوەندی کولتوور لە هەولێر بە رووداوی گوت: "ئێمە وەک ناوەندی کولتوور بۆ ئەم ساڵیش بە کۆمەڵێک پڕۆژە و چاپکراوی نوێوە بەشدارین. هەژەندی جیاوازمان بۆ خوێنەرانمان دەبێت."
ئیهاب قەیسی دەڵێت: "پێشانگەکە بەرنامەیەکی فراوانی رۆشنبیری و هونەری لەخۆدەگرێت کە لە زیاتر لە 90 چالاکیی پێکهاتووە. چالاکییەکان بریتین لە کۆڕی هزری و ئەدەبی، پانێڵ و دیدار لەگەڵ نووسەر و رۆشنبیران، لەپاڵ ئاهەنگ و چالاکیی مۆسیقی کە بە چەندین زمان پێشکێش دەکرێن و گوزارشت لەو فرەچەشنییە کولتوورییە دەکەن کە پێشانگەکە و جەماوەرەکەی پێ جیادەکرێتەوە."
لە رۆژانی پێشانگەکەدا، وەشانخانە بەشداربووەکان داشکاندن بۆ بەشێکی زۆری کتێب و بڵاوکراوەکانیان دەکەن کە دەگاتە زیاتر لە 50٪، ئەمەش دەرفەت بە خوێنەران دەدات ناونیشانە نوێ و جۆراوجۆرەکان بە نرخی داشکێندراو بکڕن.
بەڕێوەبەری ناوەندی کولتوور سەبارەت بە 18مین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبەوە روونیکردەوە، "ئەم ساڵ پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، لە دۆخێکی ناجێگیر و پڕ تەنگژەدا دەکرێتەوە. سەرپەرشتیارانی پێشانگەیش ئەم دۆخەیان لەبەر چاو نەگرتووە و کرێی بەشداریکردن و تێچووی ناوەندەکان زۆر زۆرە."
لەبارەی نرخی چاپکردنی کتێبەوە، غەمگین بۆڵی دەڵێ: "رۆژ بە رۆژ نرخی چاپکردنی کتێب زیاد دەبێت. بۆیە لە چاپکردنی نوێی کتێبەکان، نرخەکانیشیان زیاد دەبێ. ئەمەش بارگرانی هەم بۆ ناوەندەکان و هەمیش خوێنەران دروست دەکات."
پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب لە ماوەی نێوان 21 بۆ 31ی تشرینی یەکەمی 2026، رۆژانە لە کاژێر 10:00ـی بەیانی تاوەکو 08:00ـی ئێوارە لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەڕووی سەردانیکاراندا کراوە دەبێت.
سەنگەر زراری، بەڕێوەبەری دەزگای فام بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە لە هەولێر هەر ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "ئێمە وەکوو دەزگای فام بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، ئامادەکاریی تەواومان بۆ بەشداریکردن لە هەژدەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب کردووە، بۆ ئەم ساڵ زیاتر لە بیست کتێبی نوێمان هەیە."
سەنگەر زراری لەبارەی نرخی چاپکردنی کتێبی نوێوە دەڵێت: "بەداخەوە بە هۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و ئابڵووقەی سەر ئێران، نرخی چاپ زۆر گران بووە و ئێمەش ناچارین نرخی کتێب گرانتر بکەین، تەنانەت ئەوەندەی من بزانم نرخی کاغەز و مەرەکەب لە ئەوروپاش گران بووە و لەوێش نرخی کتێب گران بووە."
بەڕێوەبەری دەزگای فام روونیکردەوە، "تیراژی کتێبەکانی ئێمە، بەگوێرەی بابەتی کتیبەکە و خواستی خوێنەر، لە نێوان 500 بۆ 2000دایە." هاوکات دەشڵێت: "بابەتی کتێبەکانمان جۆراوجۆرن، لە نێوان دەقی ئەدەبی، رەخنە، لێکۆڵینەوەی ئەدەبی، بیرەوەری، ژیاننامە و زمان پێکدێن؛ بەڵام بۆ ئەم ساڵ گرنگییەکی تایبەتمان بە بواری دەروونناسی و پەروەردەی دەروونی داوە."
ئارام سدیق، بەڕێوەبەری ناوەندی رەهەند لە سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئەم ساڵ بە 540 ناونیشان بەشداری پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب دەکەین. لەو ژمارەیە 42 ناونیشان نوێن و یەکەم جارە بڵاودەکرێنەوە."
بە گوتەی ئارام سدیق، تیراژی کتێبەکانیان بەگوێرەی فرۆشیانەوەیە و دەڵێت: "تیراژەکانمان 500 دانە، 1000 دانە و زیاتریشمان هەن؛ لەوانە کتێبەکانی بەختیار عەلی سەرووی هەزار دانە چاپیان دەکەین. هەندێک کتێبی بژاردەش هەن 100 تاوەکو 150 دانە چاپ کراون."
بەڕێوەبەری ناوەندی رەهەند لە سلێمانی ئاماژەی بەوەدا کە ئەم ساڵ توێژینەوەی ئەدەبی، پرسی ژن، هاوکات کۆمەڵێک ناونیشانی دیکەشیان چاپ کردووە و نرخەکانیان گونجاوە و بەداشکانەوە بۆ خوێنەران دەیخەنەڕوو.



