رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر فرۆشتنی بەنزین بە شێوەیەکی نایاسایی لە شەقامەکان قەدەخە دەکات و ئاگاداری دەداتە هاونیشتمانییان کە پشکنینەکان دەریانخستووە ئەو سووتەمەنییە دەبێتە هۆی سووتانی ئۆتۆمبێل.
رۆژی سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی پشکنینی تاقیگە دەرکەوتووە ئەو مادەیەی بە ناوی بەنزین لە شەقامەکان دەفرۆشرێ، لە راستییدا بەنزینی پاک نییە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە نەفتا، چەند مادەیەکی دیکە و بڕێکی کەم بەنزین.
پۆلیسی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، ئەم تێکەڵەیە هۆکاری سەرەکییە بۆ سووتانی ئۆتۆمبێل و دروستبوونی کارەساتی گەورە بۆ سەر گیان و ماڵی هاونیشتمانییان.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هۆشداری دراوە کە لەمەودوا هەر کەسێک ئەو کارە نایاساییە بکات و لە شەقامەکان بەنزین بفرۆشێت، دەستبەجێ رووبەڕووی رێکاری یاسایی و لێپرسینەوەی تووند دەبێتەوە.




