رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان ئاگادار کراونەتەوە کە نابێت پێش راگەیاندنی ناوی خوێندکارانی وەرگیراو، قیستی کرێی خوێندن لە خوێندکاران وەربگرن. گوتەبێژەکەی دەڵێ: "ئەگەر پارە وەربگرن، دەبێ بۆ خوێندکارەکەی بگەڕێننەوە."
ئەمڕۆ دووشەممە 28-9-2026 عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "لە گشتاندنێکدا کە رۆژی یەکشەممە، 27ی ئەیلوولی 2026 ئاراستەی سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان کراوە، داوایان لێکراوە پابەندی مەرج و پێوەرەکانی وەرگرتن بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2026 - 2027 بن".
بە گوتەی عەباس ئەکرەم، وەزارەتی خوێندنی باڵا گشت زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە وەرگرتنی هیچ بڕە پارە و قیستێکی کرێی خوێندن لە خوێندکاران، پێش ئەوەی وەزارەت بە فەرمی ناوی وەرگیراوان رابگەیێنێت، رێگەپێدراو نییە.
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان دەڵێ: "هەر زانکۆ و پەیمانگەیەک پارە لە خوێندکار وەربگرێ، دەبێ پارەکە بۆ خوێندکارەکەی بگەڕێنێتەوە تاوەکو وەردەگیرێ."




