رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا دەڵێ، دوای پەیوەندیکردن بە هەموو لایەنە فەرمییەکانی ئیتاڵیاوە، هیچ زانیارییەکی فەرمی لەبارەی ژێرئاوکەوتن یان بێسەروشوێنبوونی یەختێکی کۆچبەری کوردەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
دوو رۆژە هەواڵی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران بڵاوبووەتەوە گوایە پێش زیاتر لە مانگێک بووە و لەنێویدا 18 کۆچبەری کورد خنکاون.
هەواڵەکە بۆ یەکەمجار لەسەر زاری رەنج پشدەری، چالاکڤانی کۆچبەران لە ئەورووپا بڵاوکرایەوە. رەنج پشدەری دەڵێ: "18 کوردی خەڵکی سنووری راپەڕین، 5ی مانگی ئاب، بە کەسوکاریان گوتووە لە لیبیاوە بەڕێدەکەون بۆ ئیتاڵیا، قاچاخچییەکان مۆبایلیان لێوەرگرتوون و کۆچبەرەکانیان خستووەتە بەلەمێکی تایبەتەوە بەرەو ئیتاڵیا و پەیوەندییان بە کەسوکاریانەوە نەماوە".
د. رێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی لەلایەن رووداو و کەسوکاری هەندێک لەو کەسانەی کە دەگوترێت بێسەروشوێنن پەیوەندیمان پێوەکرا، ئێمە وەکو نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندیمان بە هەموو لایەنە پەیوەندیدار و فەرمییەکانی ئیتاڵیاوە کردووە."
د. رێزان حەمەساڵح گوتی، "ئێمە لە رێگەی ئیمەیڵ و تەلەفۆن لەگەڵ حکومەتی ئیتاڵیا لەسەر هێڵین، بەڵام تاوەکو ئەم ساتە هیچ شتێکی فەرمی لەلایەن حکومەتی ئیتاڵیاوە نییە، نە لە وەزارەتی دەرەوە و نە لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانەوە".
نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، وەڵامی فەرمیی هێزە دەریاییەکانی ئیتاڵیا بۆ ئەوان ئەوە بووە کە "هیچ شتێک لەو بابەتە لای ئێمە نییە و پشتڕاست ناکرێتەوە."
د. رێزان حەمەساڵح رایگەیاند، "ئێستا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراقیش لە ئیتاڵیا، هەردوولامان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و ناوخۆی ئیتاڵیا لەسەر هێڵین، بەڵام بە هیچ جۆرێک ئەو هەواڵانە پشتڕاست نەکراونەتەوە."
قسەکانی د. رێزان ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-9-2026 لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی (کاتی زانا).
ئەو نوێنەرەی حکومەت، داوای لە کەسوکاری کۆچبەران و دەزگاکانی راگەیاندن کرد کە "پشت بەو زانیارییە فەرمییانە ببەستن کە لە حکومەتی ئیتاڵیاوە وەردەگیرێن" و گوتی، "هیوادارم کەسوکاری ئەو ئازیزانە لەو دڵەڕاوکێیە بێنە دەرەوە و پشت بە قسەی نافەرمی و سەرچاوەی متمانەپێنەکراو نەبەستن."
د. رێزان دڵنیایی دا و گوتی، "هەر زانیارییەکی نوێ هەبێت، یەکەم کەس دەبین کە بڵاوی دەکەینەوە."
رۆژی چوارشەممە، 23-9-2026 بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەورووپا بۆ رووداو رایگەیاند، دۆسیەی دیارنەمانی ئەو کۆچبەرانە یەک دۆسیە نییە، بەڵکو سێ گرووپی جیاوازن: 10 کەسیان لە مانگی ئاداری ئەمساڵ و 14 کەسیشیان لە مانگی ئابی رابردوودا پەیوەندییان پچڕاوە.
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان دەڵێت: "بەپێی ئەو بەڵگانەی لەرێگەی لیستێکی دزەپێکراوەوە لەناو زیندانەکانی لیبیاوە دەست کەسوکاریان کەوتووە، ئەو کۆچبەرانە لە زیندانی (تاجوورا) لە ناوچەی روخبە لەلایەن فەوجی 51ـی لیوای 115 دەستگیرکراون و لە ژیاندا ماون."

.webp&w=3840&q=75)
