رووداو دیجیتاڵ
دوای مانگ و نیوێک لە کۆتاییهاتنی ناونووسین بۆ حەج، تاوەکو ئەمڕۆ تیروپشک بۆ ناوەکان نەکراوە کە زیاتر لە 116 هەزار کەس چاوەڕوانی گەڕانەوەی ناوەکانیانن. بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کارەکانیان تەواو بووە و هەفتەی داهاتوو تیروپشک دەکرێت.
شێخ وریا مەولانا خالید بالیسانی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو کارەکان لای ئێمەوە تەواو کراون، هەفتەی داهاتوو بە دڵنیاییەوە تیروپشک دەکرێت".
جگە لە مورشید و کۆمپانیاکان، 116 هەزار و 693 کەس ناویان بۆ چوونە حەج تۆمار کردووە.
ناونووسین بۆ حەج، ئەم ساڵ 21ی تەممووز دەستیپێکرد و 10ی ئاب کۆتایی هات. شێخ وریا بالیسانی گوتی: "کاری وردبینی ناوەکان لای ئێمە تەواو بووە و ئەوەی ماوە لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیارییە و ئەویش سەرەتای هەفتەی داهاتوو کۆتایی دێت".
ئەم ساڵ تیروپشک بۆ دوو ساڵ دەکرێت؛ حەجی ساڵی 2027 و 2028. هەروەها بڕیار دراوە بۆ حەجی ساڵی داهاتوو یەدەگەکانی ئەم ساڵ کە ژمارەیان زیاتر لە 2400 کەسە ئەم ساڵ دەرفەتیان پێ بدرێت بچنە حەج.
بە گشتی ئەم ساڵ 120 هەزار و 142 کەس ناویان تۆمار کردووە بچنە حەج. لەو ژمارەیە 116 هەزار و 693 وەک هاووڵاتیی ئاسایی ناویان تۆمار کردووە؛ 602 مورشیدی ئایینی، 255 کۆمپانیا وەکو سەرقافڵە، 243 پزیشک و 2340 کەسیش وەک کەسوکاری شەهیدان ناویان تۆمار کردووە.
پار ناونووسین بۆ حەج، لە 11ی ئەیلوول دەستیپێکرد و 26ی هەمان مانگ کۆتایی هات. زیاتر لە 90 هەزار کەس داواکارییان لە رێگەی فۆرمی ئەلیکترۆنی پڕ کردەوە، لەو ژمارەیە 5120 کەس بە تیروپشک ناویان دەرچوو.


