رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی تەمەن 19 ساڵ کە شەوی رابردوو لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە شاری کەلار بە سەختی بریندار ببوو، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە شاری سلێمانی گیانی لەدەستدا.
سامان عەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "شەوی رابردوو لە شەقامی سەرەکیی گەڕەکی شێروانە، بەرامبەر پڕۆژەی مارینا لە کەلار، دوو ماتۆڕسکیل پێکیاندادا، بەهۆیەوە هەردوو لێخوڕەکە و سەرنشینێک بە سەختی بریندار بوون."
گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان گوتیشی، "بریندارەکان سەرەتا گەیێندرابوونە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، بەڵام بەهۆی ناجێگیری و سەختیی برینەکانیانەوە دەستبەجێ رەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کران."
بە گوتەی سامان عەلی، یەکێک لە بریندارەکان کە لەدایکبووی ساڵی 2007ـە (تەمەن 19ساڵ)، دوای گەیشتنی بە سلێمانی و سەرەڕای هەوڵی پزیشکەکان، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.


