رووداو دیجیتاڵ
دوای هەشت رۆژ، ئەمڕۆ دوایین رۆژە کە زانکۆلاین کارا بێت و دەرچووانی پۆلی 12 مافیان هەبێت داواکاریی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پێشکێش بکەن. بەرپرسێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، بڕیاری درێژکردنەوەیان نەداوە.
د. خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکمان نەداوە بۆ درێژکردنەوەی کاتی کارابوونی زانکۆلاین".
پێنجشەممەی رابردوو 17ی ئەیلوولی 2026 لە کاژێر 08:30 زانکۆلاین بۆ ماوەی هەشت رۆژ کارا کرا، کە ئەمڕۆ 24ی ئەیلوول دوایین رۆژی کارابوونی سیستەمەکەیە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "ئەم ساڵ 40 هەزار و 716 دەرچووی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان داواکاری بۆ زانکۆلاین پێشکێش دەکەن".
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ بۆ وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی 12 زۆرترین هەل دەڕەخسێندرێت؛ تەواوی دەرچووان کە وشەی چوونە ژوورەوە و پاسوۆردیان هەبێت دەتوانن داوای وەرگرتن لە زانکۆ حکومییەکان بکەن".
بەگوێرەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەوانەی ئەم ساڵ مافی داواکردنی وەرگرتنیان لە زانکۆکان هەیە 30 هەزار و 847 یان دەرچووی بەشی زانستی، 7 هەزار و 923 دەرچووی وێژەیی، 1240 دەرچووی ئامادەییە پیشەییەکان و 706 دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکانن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا 16ی ئەیلوول لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "داواکاری بۆ 680 بەش لە هەرسێ جۆری خوێندنی (زانکۆلاین) و (پارالێل) و (ئێواران) بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) لە 16 زانکۆی حکومی لە هەرێمی کوردستان پێشکێش دەکرێت".
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پار لە 21ی ئەیلوول سیستمی زانکۆلاینی بۆ دەرچووان کارا کرد و دوای درێژکردنەوەی ماوەکەی، تاوەکو 05-10-2025 بە کارایی مایەوە.


