رووداو دیجیتاڵ دوای بڵاوبوونەوەی گلەیی کرێکارانی کارگەی چیمەنتۆی دابین لە گۆمەسپان سەبارەت بە مافەکانیان لە رادیۆی رووداو، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی فەرمانی پێکهێنانی لیژنەی پشکنین و لێکۆڵینەوەی دەرکرد. ژمارەیەک لە کرێکارانی کارگەی چیمەنتۆی دابین لە ناوچەی گۆمەسپانی سەر بە پارێزگای هەولێر، لە بەرنامەی "مژار"ـی رادیۆی رووداو، باسیان لەوە کرد، سەرەڕای کارکردنی بەردەوامی کارگەکە، سەرەتاییترین مەرجەکانی سەلامەتی و مافە یاساییەکانیان بۆ دابین ناکرێت. کرێکارەکان ئاماژەیان بەوە کرد، نزیکەی دوو ساڵە رۆژانە 8 کاژێر کار دەکەن و پارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان لێدەبڕدرێت، بەڵام نازانن ناویان تۆمار کراوە یان نا؛ هەروەها مانگانە گرێبەستەکانیان بۆ نوێ دەکرێتەوە و کۆپیی گرێبەستەکەشیان پێ نادرێت. سەبارەت بە شێوازی مووچە و سزاکان، کرێکاران گوتیان: "رۆژانە 27 هەزار و 500 دینارمان پێدەدرێت، بەڵام ئەگەر کرێکارێک بەهۆی نەخۆشییەوە رۆژێک ئامادە نەبێت، جگە لە بڕینی کرێی ئەو رۆژە، پارەی رۆژێکی دیکەشی وەک سزا لێدەبڕدرێت. هاوکات هیچ ژەمە خۆراکێک، جلوبەرگ یان کەلوپەلی سەلامەتیمان بۆ دابین ناکرێت." لە وەڵامی ئەم کێشەیەدا، مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "بەشێوەیەکی فەرمی نووسراو ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی کاری هەولێر دەکەین بۆ ئەوەی راستەوخۆ تیم و لیژنەی پشکنین بنێرنە کارگەی چیمەنتۆی دابین لە گۆمەسپان و بەدواداچوونی مەیدانی بۆ سەرجەم سکاڵاکان بکەن." مەریوان بەگۆک ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە هێڵی گەرمی (5500)، کرێکاران دەتوانن لە رێگەی سیستمی ئەلیکترۆنیی "پۆرتاڵی کار"ـەوە بە دەنگ، وێنە یان نووسین راستەوخۆ سکاڵاکانیان تۆمار بکەن تاوەکو رێکاری یاسایی لەبەرامبەر هەر پێشێلکارییەک بگیرێتەبەر. تۆڕی میدیایی رووداو بۆ وەرگرتنی رای لایەنی بەرامبەر، چەندین جار پەیوەندی بە بەرپرسانی "دابین گرووپ"ـەوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانیان نەدایەوە.
هەواڵە ناوخۆییەکان17-09-2026هاونیشتمانییەک لە شەقڵاوە دەڵێت خانووەکەیان تێکداوم و شارەوانیش دەڵێت زێدەڕۆ بووە
هەواڵە ناوخۆییەکان17-09-2026کۆمپانیا گەشتیارییەکان بۆ خەڵکی سلێمانی: پێدانی ڤیزەی تورکیا ئاساییە و پارەی زیاد مەدەن