رووداو دیجیتاڵ
بڕیارێکی قایمقامیەتی دەربەندیخان بۆ رێکخستنەوەی کاتی کارکردنی بازاڕ و داخستنی بەشێک لە دووکانەکان لە کاتەکانی شەودا، ناڕەزایەتیی بەشێک لە کاسبکارانی لێکەوتووەتەوە و دەڵێن بڕیارەکە زیانی دارایی پێگەیاندوون.
بڕیارەکەی قایمقامیەت ئەو دووکانانە دەگرێتەوە کە تایبەتن بە فرۆشتنی جوانکاری، کوتاڵ، شووشەوات، پۆشاک، جانتا، پێڵاو، وشکەفرۆشی، پەردە و پەڕاوگەکان. لە بەرامبەردا، شوێنەکانی وەک خواردەمەنی و پێداویستییە سەرەکییەکان لە بڕیاری داخستنی شەوانە بەدەرکراون.
سەرچڵ سەردار، کاسبکار لەسەر شەقامی 30 مەتریی دەربەندیخان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لیژنەی قایمقامیەت شەوانە رێگریمان لێدەکات و دووکانەکانمان پێ دادەخات، ئەمەش زیانی زۆری پێگەیاندووین؛ چونکە لە رۆژدا بەهۆی گەرماوە بازاڕ نییە و کاروکاسبیی سەرەکیی ئێمە شەوانەیە."
ئەو دووکاندارە روونیکردەوە کە زۆربەی ئەو 150 کەسەی داوای بڕیارەکەیان کردووە خاوەن موڵکن، لەکاتێکدا ئەوانەی ناڕازین کرێچین؛ گوتیشی: "ئەمڕۆ زیاتر لە 100 دووکاندار بە واژۆی ناڕەزایەتییەوە سەردانی قایمقامیەتمان کرد تاوەکو بڕیارەکە هەڵبوەشێنرێتەوە."
ئامانج محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان، هۆکاری بڕیارەکەی بۆ رادیۆی رووداو روونکردەوە و گوتی: "بڕیارەکە لەسەر داواکاریی فەرمیی زۆرینەی خاوەن دووکانەکان دراوە و لە 15ـی ئەیلوولەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئامانج لێی رێکخستنەوەی بازاڕە بۆ ئەو بوارانەی پێداویستیی کتوپڕ و رۆژانە نین."
دوای ناڕەزایەتیی کاسبکاران، قایمقامی دەربەندیخان لەگەڵ نوێنەری دووکاندارە ناڕازییەکان کۆبووەتەوە و بڕیاریداوە لیژنەیەکی مەیدانی سەردانی دووکانەکان بکات، بۆ ئەوەی بەپێی رای زۆرینەی کاسبکاران پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێت.



