رووداو - رادیۆ چەند هاونیشتمانییەک لە شاری کەرکووک رایانگەیاند، کرێکارانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک داوای پارەیان لێدەکەن، بەڕێوەبەری کەرتی 2ی شارەوانیی کەرکووکیش رایدەگەیێنێت کە ئەم کارە قەدەخەیە و سزای تووندی لەسەرە. ئیسماعیل فەرید، دانیشتووی گەڕەکی کوردستان لە شاری کەرکووک، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "شۆفێر و کرێکارانی کۆکردنەوەی زبڵ لە دەرگای ماڵان دەدەن و داوای بەخشیش و پارە دەکەن، ئەگەر پارەیان پێنەدەین زبڵەکە نابەن، یان تەنەکە و سەتڵەکان فڕێدەدەن و دەڕۆن." ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "کێشەمان لەگەڵ بڕی پارەکە نییە، بەڵکو کێشەمان لە شێوازی مامەڵەکردن و ناچارکردنی خەڵکە بە پێدانی پارە." ئەندازیار ئاکۆ ناسح، بەڕێوەبەری کەرتی 2ی شارەوانیی کەرکووک، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ئەم دیاردەیە پێچەوانەی یاسایە و گوتی: "کۆمپانیا و کرێکارانی پاککردنەوە بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە داوای بەخشیش یان پارە لە هیچ ماڵێک بکەن. بۆ هەر سەرپێچییەک سێ جۆر سزامان داناوە و لە کاتی دووبارەبوونەوەدا رێکاری زۆر تووند دەگرینەبەر؛ سەبارەت بەو سکاڵایەش دوای بەدواداچوون، کرێکاری سەرپێچیکار سزادراوە." ئەندازیار ئاکۆ ناسح ئاماژەی بەوەش کرد کە بە سیستەمی GPS چاودێریی جووڵەی سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان دەکەن و داوای لە هاونیشتمانییان کرد، لە کاتی ئەو رووداوانە، لەبری بڵاوکردنەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەستبەجێ پەیوەندی بە ژمارە فەرمییەکانی شارەوانییەوە بکەن تاوەکو رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکار بگیرێتەبەر.
هەواڵە ناوخۆییەکان15-09-2026دانیشتووانی گەڕەکی رۆشنبیریی هەولێر: رۆژانە 4 بۆ 6 کاژێر کارەبای موەلیدەمان هەیە
هەواڵە ناوخۆییەکان15-09-2026سەندیکای رۆژنامەنووسان و رێکخراوێک بەڵێننامەی میدیایی بۆ پاراستنی ژینگە رادەگەیێنن