رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی باڵا بە رووداوی گوت، بەغدا 831 ملیار و 666 ملیۆن دیناری بۆ مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردووە. دواتر وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد بەغدا ئەو بڕە پارەیەی خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە "هاوشێوەی چەند مانگی ڕابردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی ئاب لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە."
وەزارەتی دارایی دەڵێ، "حکومەتی عێراق 60 ملیار و 30 ملیۆن و 166 هەزار و 545 دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی ئاب نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق ڕاستەوخۆ لیستی مووچە بڵاو دەکرێتەوە و لە نزیکترین کاتدا دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت.


.jpg&w=3840&q=75)
