رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی بەنێنانی سەر بە سنووری قەزای بەردەڕەش هاونیشتمانییەک لەسەر کێشەی زەویوزار کوژرا؛ قایمقامی بەردەڕەشیش دەڵێ: "کوژراو پێشمەرگەیە و بەشێکە لە کێشەکە."
ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئەیلوولی 2026، بڕوا فارووق، قایمقامی بەردەڕەش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەیانیی ئەمڕۆ لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی و زاویوزار، لە نێوان دوو ماڵبات دەبێتە شەڕەتەقە."
بە گوتەی قایمقامی بەردەڕەش، لە ئەنجامی شەڕەکەدا کەسێك کوژراوە؛ دەشڵێت: "خۆشبەختانە کەسی دیکە بریندار نەبوون."
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو هاونیشتمانییەی کوژراوە ناوی هاوار سەعید ساڵحە؛ تەمەن 35 ساڵە؛ دانیشتووی کۆمەلگەی بەنینانە؛ خێزاندارە و لە مەخموور پێشمەرگەیە.
تەقە بەردەوامە پۆلیس و هێزەکانی ئاسایش روویان لە دەڤەرەکە کردووە؛ قایمقامی بەردەڕەش دەڵێ: "بابەتەکە گەرماوگەرمە و ماوەماوە تەقە لێرە و لەوێ دەکرێت."
بڕوا فارووق ئاماژەی بەوەش دا، "پۆلیس دۆخەکەی هێور کردووەتەوە و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی دراوە."
لەبارەی نانسنامەی بکوژەوە، قایمقامی بەردەڕەش دەڵێ، "بکوژەکە ناوی د. ع. ر. ـە؛ ماڵی خۆی لە بەردەڕەشە و ماڵی باوکی لە کۆمەڵگەی بەنێنانە؛ یەکێک لە تەقەکەرەکان دەستگیر کراوە."




.jpg&w=3840&q=75)