رووداو دیجیتاڵ
بەرزیی نرخی بەنزین لە هەولێر بەردەوامە و هەر لیترێک زیاتر لە 100 دیناری دیکەی چووەسەر و گەیشتە نزیکەی 1800 دینار. سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکان دەڵێ، رۆژانە نزیکەی 40 هەزار ئۆتۆمبێل بەنزینی 750 دینارییان پێ دەدرێ.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر گەیشتە هەزار و 795 دینار، لەکاتێکدا هەفتەیەک لەمەوبەر لیتری بە هەزار و 650 دینار بوو.
حکومەت بە دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری دەیەوێ نرخی بەنزینی بازرگانی دابەزێنێت. جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ لە 38 بەنزینخانەی هەولێر بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو بە کۆبوون و لیتری بە 750 دینار دابەش دەکرێ".
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد: "هەر ئۆتۆمبێلێک 40 لیتر بەنزینی پێ دەدرێ و هەر بەنزینخانەیەک بەنزین دەداتە نزیکەی هەزار ئۆتۆمبێل. ئەمڕۆ نزیکەی 38 هەزار ئۆتۆمبێل بەنزینیان پێ دەدرێ و رۆژ هەیە دەگاتە 40 هەزار ئۆتۆمبێل".
لە هەولێر لیترێک بەنزینی موحەسەن دەگاتە 2 هەزار و 200 دینار و سوپەریش دەگاتە 2 هەزار و 500 دینار. نرخی هەر سێ جۆرەکەی بەنزین لە دهۆک نزیکە لە نرخی هەولێر.
نرخی بەنزینی بازرگانی زیاتر لە مانگێکە لە سلێمانی و هەڵەبجە جێگیرە. لیتری نۆرماڵ لە سلێمانی بە هەزار و 200 دینارە، لە هەڵەبجە لیتری بە هەزار و 350 دینارە. بەنزینی موحەسەن لە سلێمانی و هەڵەبجە لیتری بە نزیکەی هەزار و 750 دینارە و سوپەر بە هەزار و 900 دینار.
هەروەها دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە هاوشێوەی هەولێر و دهۆک بەردەوامە.
لە 6ـی حوزەیران نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بۆ هەزار و 175 دینار بەرزبووەوە و رۆژێک دواتر لە سلێمانیش نرخ بەرزبووەوە و گەیشتە هەزار و 50 دینار، لە دوای ئەو رێککەوتەوە بەنزین رۆژ بە رۆژ نرخی بەرزتر دەبووەوە. پێش 6ـی حوزەیران، لە هەرێمی کوردستان نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لەنێوان 850 بۆ 900 دینار بوو.
29ی ئاب، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "پێشتریش گوتوومانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەشی بەنزینی ئێمە ناکات و هەموو کات داوای 115 هەزار بەرمیلمان کردووە. حکومەتی فیدراڵی بڕیاری داوە تەنیا 50 هەزار بەرمیل بداتە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە هەمان بڕیاردا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەگەر 50 هەزار بەرمیل بەشی نەکرد، 15 هەزاری دیکە وەک بەرهەمە نەوتییەکان زیاد دەکەین".
بە گوتەی وەزیری سامانە سرووشتییەکان، لە هەرێمی کوردستان 2 ملیۆن و 900 هەزار ئۆتۆمبێل تۆمار کراون، بەڵام لە 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو دەتوانرێ ملیۆنێک و 700 هەزار لیتر بەنزینی لێ بەرهەم بهێندرێ و بەشی ئەو ژمارەیەی ئۆتۆمبێلانە ناکات.
کەمال محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان داوایان کردووە حکومەتی عێراق یان بەگوێرەی سەرژمێری (کە هەرێمی کوردستان 14%ی دانیشتووانی عێراقە) بەنزینیان بۆ دابین بکات، یان بەگوێرەی پشکی ئێستای هەرێمی کوردستان کە رێژەکەی بە 12.67% دیاری کراوە، بەو پێیەش پشکی رۆژانەی هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت لە 126 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.


.jpg&w=3840&q=75)
