رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق نرخی نەوتی رەشی بۆ کارگەکان بەرزکردووەتەوە و ئەندامێکی ژووری بازرگانی سلێمانی دەڵێ، بەهۆیەوە نرخی یەک تۆن چیمەنتۆ 40 هەزار و تۆنێک شیش 15 دۆلار بەرزبووەتەوە.
ئارام بابان، ئەندامی ژووری بازرگانی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی ئەیلوولی 2026 بە رووداوی گوت: حکومەتی عێراق نرخی نەوتی رەشی بۆ کارگەکان لە 150 هەزارەوە بۆ 500 هەزار دینار بەرزکردووەتەوە، ئەمەش وایکردووە تێچووی بەرهەمهێنانی شیش و چیمەنتۆ بگاتە بەرزترین ئاست.
سەبارەت بە نرخەکان، ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی بڕیارەکەی حکومەتی عێراقەوە نرخی تۆنێک چیمەنتۆ 40 هەزار دیناری چووەتە سەر و نرخی تۆنێک چیمەنتۆش لە بازاڕەکان 10 بۆ 15 دۆلار بەرزبووەتەوە.
بەگوتەی ئارام بابان، ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژووری بازرگانیی بەغدا لەسەر هێڵن بۆ کەمکردنەوەی نرخی نەوتی رەش بۆ کارگەکان، بڕیارە حکومەتەکەی عەلی زەیدی پێداچوونەوە بە نرخەکاندا بکات و نرخی نەوتی رەش بۆ کارگەکان کە جاران 150 هەزار بوو و ئێستا کردوویانە بە 500 هەزار بکرێتە 250 هەزار.
هاوکات گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بە بەرزکردنەوەی نرخی نەوتی رەش کە لە کارگەکاندا بەکاردێت، کاریگەری کردووەتە سەر تێچووی بەرهەمهێنانی شیش و چیمەنتۆ لە هەرێمی کوردستان ئەمەش وایکردووە نرخەکە بە شێوەیەکی نائاسایی بەرزببنەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، هەفتەی رابردوو نرخی یەک تۆن چیمەنتۆ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان 90 هەزار دینار بووە، بەڵام ئێستا نرخەکەی گەیشتووە 130 هەزار بۆ 135 هەزار دینار، هاوکات نرخی تۆنێک شیش بە 550 دۆلار دەفرۆشرێت لە کاتێکدا هەفتەی رابردوو نرخەکەی 535 دۆلار بووە.
سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان، هۆشداریی دا لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی رەش، زیاتر گوتی: تەنیا کارگەکانی چیمەنتۆ و شیش زەرەرمەند نابن بەڵکو هەر کارگەیەک کار بە (کوورەی ئاگرین) بکات تێچووی بەرهەمەکەی بەرزدەبێتەوە.
لە هەرێمی کوردستان حەوت کارگەی چیمەنتۆ و پێنج کارگەی شیش کاردەکەن، سەرجەمیان بۆ دابنیکردنی نەوتی رەشی (کوورەی ئاگرین)ی کارگەکان، پشت بە بەغدا دەبەستن.



