رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 10 ساڵە فەرمانبەرانی
گرێبەست لە هەرێمی کوردستان داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن، ئێستا هەموو هەوڵێکیان
لەسەر ئەوەیە لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا پارەیان بۆ تەرخان بکرێت. نوێنەرێکیان
دەڵێت، ئەرکەکانمان وەک فەرمانبەری هەمیشەییە، بەڵام لە بەشێک لە مافەکاندا بێبەشکراوین.
بەگوێرەی خشتەیەکی وەزارەتی
دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ژمارەی گرێبەستەکان لە حکومەتی هەرێمی
کوردستان زیاتر لە 87 هەزار کەسە؛ زیاتر لە 57 هەزاریان مووچەیان لەسەر داهاتی نێوخۆیە
و 30 هەزاریان لە بەغداوە مووچەیان بۆ دەنێردرێت.
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی
دارایی، زۆرینەی گرێبەستەکان سەر بە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانن، کە نزیکەی
38 هەزار کەسن؛ هەروەها فەرمانبەرانی گرێبەست لە وەزارەتە جیاوازەکان ژمارەیان نزیکەی
45 هەزار کەسە؛ هاوکات نزیکەی چوار هەزار گرێبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی
زانستیی هەن.
مووچەی مانگانەی گرێبەستەکان
زیاتر لە 46 ملیار دینارە و زۆرینەی لەسەر داهاتی نێوخۆیە، جگە لە نزیکەی 30 هەزار
گرێبەست، کە مووچەیان لەگەڵ فەرمانبەرانی هەمیشەیی لە بەغداوە دەنێردرێت.
مووچەی گرێبەستەکان
هیوا سەمەد، یەکێک لە
نوێنەرانی گرێبەستەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی ئەیلوول بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت:
"مووچەی گرێبەستەکان بەگوێرەی بڕوانامە و ئەرکەکان جیاوازن، بەگشتی لەنێوان
250 هەزار بۆ ملیۆنێک و 250 هەزار دینارە".
بەگوێرەی خشتەیەکی وەزارەتی
دارایی، مووچەی گرێبەست بەگوێرەی بڕوانامە و پیشەکانیان بەمشێوەیەیە:
- دکتۆرا: یەک ملیۆن و 100 هەزار بۆ یەک ملیۆن و
250 هەزار دینار.
- ماستەر/دبلۆمی
باڵا دوو ساڵ: یەک ملیۆن دینار.
- بکالۆریۆس
6 ساڵ: 850 هەزار دینار.
- بکالۆریۆس
4 ساڵ: 500 هەزار دینار.
- دبلۆم: 400
هەزار دینار.
- ئامادەیی:
350 هەزار دینار.
- ناوەندیی:
300 هەزار دینار.
- سەرەتایی:
275 هەزار دینار.
- بێ بڕوانامە:
250 هەزار دینار.
- شۆفێری ئۆتۆمبێلی
گەورە: 500 هەزار دینار
- شۆفێری ئامێرە
گەورەکانی رێگەوبان: 650 هەزار دینار
- کارپێکەری
موەلیدە: 350 هەزار دینار
- کارپێکەری
کارگە: 500 هەزار دینار
- کرێکاری
شارەوانی: 450 هەزار دینار
- باخەوان:
400 هەزار دینار
- وێنەگر و فۆتۆگرافەر:
350 هەزار دینار
- پاسەوان:
350 هەزار دینار
- پێشنوێژ و
گوتارخوێن؛ بەگوێرەی بڕوانامەکانیان
- ئەندامی تیپی
رۆشنبیری (هەڵپەڕکێ) پیاو: 500 هەزار دینار
- ئەندامی تیپی
رۆشنبیری (هەڵپەڕکێ) ئافرەت: 450 هەزار دینار
- گۆرانیبێژ:
350 هەزار دینار
- میوزیکژەن:
400 هەزار دینار
جیاوازییەکانی فەرمانبەری
هەمیشەیی و گرێبەست
ئەوانەی کراون بە گرێبەست
بەشێکی شایستەکانیان هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەییە، بەڵام بەشێک لە شایستەکانیان
کەمترە لەوان.
هیوا سەمەد دەڵێت:
"دەوامکردن و ئەرکی سەرشانی گرێبەستەکان لە دامەزراوەکان زیاتر نەبێت هیچ کەمتر
نییە و هاوتایە، بەڵام لە هەندێک مافدا کەمترمان هەیە، بۆ نموونە مووچەمان لەگەڵ هەمیشەییەکان
نایەت؛ هەروەها مۆڵەتی دایکایەتی بۆ هەمیشەیی ساڵێکە و بۆ گرێبەست دوو مانگە".
لە پشووەکاندا، بەتایبەت
پشووی هاوینی وەزارەتی پەروەردە، گرێبەستەکانیش هاوشێوەی دامەزراوەکان مووچەیان بۆ
خەرج دەکرێت. هیوا سەمەد گوتی: "یەکێکی دیکە لەو شایستانەی گرێبەستەکان نیانە
مافی خوێندنی باڵایە، تاوەکو ئەمڕۆ بە فەرمی رێگە نادرێت گرێبەستەکان خوێندنی باڵا
بخوێنن، هەروەها گرێبەست بەهیچ شێوەیەک خانەنشینی نایگرێتەوە و هیچ دەرماڵەیەکی بۆ
هەژمار ناکرێ".

.webp&w=3840&q=75)
