رووداو دیجیتاڵ
پرۆژەی پێدانی ئۆتۆمبێل بە مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی وەستاوە و یەکێتیی مامۆستایانیش دەڵێ: بەهۆی دۆخی ئابووری و ناسەقامگیریی عێراق هیچ بانکێک ئامادە نییە ئۆتۆمبێلەکان بۆ مامۆستایان بکڕێت.
مامۆستا دڵشاد مەجید، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان-لقی سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: هەردوو کۆمپانیای (تویوتا ساز) و (کۆمپانیای جیهان) ئامادەییان دەڕبریوە بۆ پێدانی ئۆتۆمبێل بە شێوەی قیست بە مامۆستایان، بەڵام داوا دەکەن یەکێک لە بانکەکان سپۆنسەریان بکات. تاوەکو ئێستاش هیچ بانکێک ئامادە نییە ئۆتۆمبێلەکان بکڕێت.
دڵشاد مەجید گوتی: ساڵێک زیاترە لەگەڵ (بانکی ئەهلیی عێراق) و (بانکی جیهان) لە گفتوگۆداین بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلەکان، بەڵام کاتێک دێتە سەر ئەوەی رێککەوتنێک واژۆ بکەین بانکەکان پەشیمان دەبنەوە و ئامادە نین رێککەوتن بکەن.
دڵشاد مەجید، روونیکردەوە، بانکەکان بەهۆی دۆخی ئابووریی و ناسەقامگیریی ناوچەکەوە ترسیان هەیە لە کڕینی ئۆتۆمبێلەکان، بەو پێیەی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان زۆرن و پڕۆژەکە پارەیەکی زۆری پێویستە و بانکەکان ناتوانن لەم دۆخەی ئێستا ئەو پارەیە بخەنە ئیشەوە.
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لقی سلێمانی، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: کێشەیەکی دیکە بۆ وەستانی پرۆژەکە، بڕی سوودی سەر ئۆتۆمبێلەکانە، بەو پێیەی بانکەکان داوای ٪8ی سودی سەر ئۆتۆمبێلەکان دەکەن، ئەمەش بەلای ئێمەوە بڕێکی زۆرە و داوامان کردووە ٪4 بێت.
سەبارەت بە جۆری ئۆتۆمبێلەکان، ذڵشاد مەجید گوتی: زۆربەیان لە جۆری توێتان، هاوکات بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکانیش کۆمپانیای جیلین، بەڵام (بانکی ئەهلیی عێراق)ی ئۆفەرێکی جیاوازی هەبووە و رایگەیاندووە مامۆستایان هەر ئۆتۆمبێلێکیان بە قیستی درێژخایەن بوێت بۆیان دابین دەکەین. بەڵام دەبێت بانکێک سپۆنسەرمان بکات.
ساڵی 2022 یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لقی سلێمانی، پڕۆژەی پێدانی ئۆتۆمبێلی بە شێوەی قیست بە مامۆستایان راگەیاند، بەگوێرەی پرۆژەکە مامۆستایان بە پشتگیریی یەکێتیی مامۆستایان و بە قەرزی درێژ خایەن و سوودێکی کەم دەبوونە خاوەنی ئۆتۆمبێل.


.webp&w=3840&q=75)
