رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەیەک لە نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی
کوردستان روویدا و لە شارەکانی پێنجوێن، بانە، مەریوان و سەقز لەلایەن هاونیشتمانییانەوە
هەستی پێکرا. شارەزایەکی بوومەلەرزەزانی دەڵێت، مەترسیدار نەبووە و روودانی بوومەلەرزەکە
بۆ خاڵیبوونەوەی زەوی باشە.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان
رایگەیاند: "کاژێر 12:25ی ئەمڕۆ، بوومەلەرزەیەک ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی
کوردستانی هەژاند، کە بە گوڕی 4.3 پلەی رێختەر بوو".
قووڵایی بوومەلەرزەکە 10 کیلۆمەتر بووە لە ناوچە
سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان. وەزارەتی گواستنەوە رایگەیاندووە:
"بوومەلەرزەکە لەلایەن دانیشتووانی پێنجوێنەوە هەستی پێکرا".
د. لوقمان موفتی، شارەزای بوومەلەرزەزانی و کەشناسی
بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "قووڵایی بوومەلەرزەکە نزیک بووە لە زەوی، بەڵام
مەترسیدار نییە؛ بە گشتی بوومەلەرزەی بچووک و مامناوەند گرنگە رووبدات بۆ خاڵیکردنەوەی
زەوی و روونەدانی بوومەلەرزەی گەورە".
لە هەمان کاتدا، سەنتەری بوومەلەرزەزانیی نیشتمانیی
سەر بە پەیمانگەی جیۆفیزیکی زانکۆی تاران رایگەیاند، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 8 کیلۆمەتر
بووە و ناوەندەکەی بووئینی سفلی بووە لە شاری بانە.
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، بوومەلەرزەکە لە
شارەکانی سەقز، بانە و مەریوان لە پارێزگای سنە هەستی پێکراوە.



