رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی سلێمانی دەڵێ، بۆ ماوەی هەفتەیەک کارکردنی پاسەکانمان لە شەودا تاقیکردەوە، بەڵام تەنیا 20 سەرنشینمان هەبوو.
جەمیل کەمال، بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی سلێمانی رۆژی یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: لە ماوەی رابردوودا پرۆژەیەکمان هەبوو بۆ ئەوەی هێڵی پاسەکانی سلێمانی بۆ ئاسانکاریی هاووڵاتیان لە شەواندا کار بکەن، بەڵام پرۆژەکە شکستی هێنا.
بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، "بۆ ماوەی هەفتەیەک تێستی پڕۆژەکەمان کرد، چەندین پاسمان شەوان لە ناو شاری سلێمانی خستەکار، بەڵام لە ماوەی هەفتەیەکدا تەنیا 20 سەرنشین هاتووچۆیان بە پاسەکان کرد."
سەبارەت بە هۆکاری شکستی پرۆژەکە، جەمیل کەمال گوتی: "دوای تێستی پرۆژەکە، لە ناو هاووڵاتییاندا راپرسییەکمان کرد، زۆرینەی بەشداربووەکان باسیان لەوە کردووە، ئەوان شەوان هاتووچۆ ناکەن و کاتی پشوویانە، بەشێکی دیکەشیان ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەوان ئەگەر شەوان پاس بەکاربهێنن بۆ سەردانی خزم و دۆستەکانیانە، بەو پێیەی پاسەکانیش ناتوانن بە سەرجەم گەڕەکەکانی سلێمانی دا هاتووچۆ بکەن، بەکارهێنانی پاسەکان سوودی نییە."
بەگوێرەی خشتەی کارکردنی هێڵەکانی پاس لە سلێمانی، بەشی زۆریان کاژێر 06:00ی ئێوارە کارەکانیان تەواو دەبێت، بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی سلێمانی دەڵێ، سەرجەم شۆفێری پاسەکان ئامادەبوون شەوانیش کاربکەن، بەڵام نەبوونی سەرنشین لە شەواندا وای کرد شۆفێرەکان پەشیمان ببنەوە و بە یەکجاری واز لە پرۆژەکە بێنن.
گۆڕینی پاسە کۆنەکانی سلێمانی بۆ پاسی نوێ بە کوێ گەیشت؟
پار، بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی سلێمانی، پرۆژەیەکی بۆ گۆڕینی پاسە کۆنەکانی سلێمانی راگەیاند، جەمیل کەمال لەسەر پرۆژەکە دەڵێت: وەک خۆی ماوەتەوە و خاوەنی پاسە کۆنەکان ئامادە نیین پاسی نوێ بە قیست بکڕن.
بەگوتەی بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندن، خاوەنی پاسە کۆنەکان کە ئێستا ژمارەیان 50 کەسە، بە بیانووی ئەوەی ئەگەر بانکێک پاسەکانیان بۆ بگۆڕێ سوودی دەچێتە سەر و مامەڵەکە حەرام دەبێت، ئامادەنین دەستبەرداری پاسە کۆنەکان بن.



