رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی نەمانی جۆرە دەرزییەکی پێویست لە نەخۆشخانەکانی گەرمیان، 30 نەخۆشی شێرپەنجە ژیانیان لە مەترسیدایە و ناچارن پلازمای خوێن وەک جێگرەوە بەکاربهێنن. بانکی خوێنی گەرمیانیش بانگەوازێکی بەپەلە بۆ بەخشینی خوێن رادەگەیێنێت.
جەلیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری بانکی خوێنی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "30 نەخۆشی شێرپەنجە لە سنوورەکە پێویستیان بە جۆرە دەرزییەکی تایبەتە کە ئێستا لە نەخۆشخانەکاندا نەماوە. ئەو نەخۆشانە بەهۆی نەمانی فەکتەرەکانی 8 و 11 لە جەستەیاندا، تووشی خوێنبەربوون دەبن و لە نەبوونی دەرزییەکەدا، تەنیا پلازمای خوێن
دەتوانێت ژیانیان بپارێزێت."
بەڕێوەبەری بانکی خوێن ئاماژەی بەوە کرد کە زۆرینەی نەخۆشەکان، کە ژمارەیان 22 نەخۆشە، جۆری خوێنەکەیان +Bـیە. گوتیشی: "بۆ هەر نەخۆشێک پێویستمان بە 6 کیسە
پلازمایە، ئەمەش واتای ئەوەیە دەبێت 6 کەس خوێن ببەخشن تاوەکو تەنیا یەک نەخۆش سوودی لێ ببینێت."
لە ئێستادا بانکی خوێنی گەرمیان ئەرکی دابینکردنی پلازماکەی گرتووەتە ئەستۆ، بەڵام بەهۆی کەمیی کارمەند و زۆریی فشارەکانەوە، فریا ناکەون هەموو داواکارییەکان جێبەجێ بکەن. جەلیل ئەحمەد داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کێشەی کەمیی میلاک لە بانکی خوێن چارەسەر بکەن.
هاوکات، بەرپرسانی تەندروستی داوا لەو هاونیشتمانییانە دەکەن کە جۆری خوێنەکەیان +Bـیە، بەدەم بانگەوازەکەوە بچن و خوێن ببەخشن تاوەکو بتوانرێت پلازما بۆ ئەو 30
نەخۆشە دابین بکرێت و لە مەترسیی خوێنبەربوون رزگار بکرێن.



