رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری
هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بڕیاری بەکارهێنانی زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی لە
تابلۆ، پسوولە و مینیووی شوێنە گەشتیارییەکان پاشەکشەی لێ ناکرێت. دەشڵێت، هەر شوێنێک
پابەند نەبێت، مۆڵەتەکەی بۆ نوێ ناکرێتەوە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید،
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 03-09-2026، بە تۆڕی
میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیاری سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بە کوردیکردنی
تابلۆکان لە تەواوی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و هەموو ئەو بنکانەی مۆڵەتی گەشتیارییان
هەیە، پابەندکراون بەم بڕیارە.
سەبارەت بە چۆنیەتیی سەپاندنی
بڕیارەکە، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ئاشکرای کرد، بۆ هەر بنکەیەکی نوێ، نووسینی
کوردی لەسەر تابلۆ و مینیووی خزمەتگوزارییەکان مەرجی سەرەکییە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت.
گوتیشی: "بۆ ئەو شوێنانەشی پێشتر مۆڵەتیان هەبووە، لە کاتی نوێکردنەوەی ساڵانەدا
ئەگەر تابلۆکانیان نەکردبێتە کوردی، مۆڵەتەکەیان بۆ نوێ ناکرێتەوە."
ئیبراهیم عەبدولمەجید
ئاماژەی بە ئاستی پابەندبوونی خاوەنکارەکان کرد و گوتی: "پابەندبوونێکی زۆر
باش هەبووە و ئێستا نزیکبووینەتەوە لەوەی 100%ی تەواوی بنکەکان پابەندی زمانی کوردی
بکەین؛ تاوەکو ئێستا تەنیا ئاگادارکردنەوەمان هەبووە و پێویستمان بە سزادان نەبووە."
دەستەی گەشتوگوزار
داوا لە هاونیشتمانییان دەکات لەم هەڵمەتەدا هاوکار بن. گوتەبێژی دەستەکە گوتی:
"هەر هاونیشتمانییەک چوو بۆ شوێنێکی گەشتیاری و بینی ناوی شوێنەکە یان مینیووەکەی
بە کوردی نەنووسرابوو، با ئێمە یان بەڕێوەبەرایەتییەکانی گەشتوگوزار ئاگادار بکاتەوە
تاوەکو تیمەکانمان بەدواداچوونی بۆ بکەن".
ئیبراهیم عەبدولمەجید
جەختی کردەوە کە زمانی کوردی وەک زمانی یەکەم و سەرەکی لە کەرتی گەشتوگوزاردا جێگیر
دەکرێت، چونکە وەک ئەو دەڵێت: "ئەمە پەیوەندیی بە زمانی دایک و ناسنامەی نەتەوەیی
ئێمەوە هەیە و چاوپۆشی لە هیچ کەمتەرخەمییەک ناکەین".



