رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وردبینیی ناوی زیاتر لە 110 هەزار کەسیان تەواوکردووە کە داواکارییان بۆ حەجی ساڵی داهاتوو تۆمار کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، سەرەتای هەفتەی داهاتوو کاتی تیروپشک ئاشکرا دەکەن.
شێخ وریا مەولانا خالید بالیسانی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 03-09-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوانەی ناویان تۆمارکردووە بۆ حەج، وردبینییان تەواو کراوە، ئەوەی ماوەتەوە نزیکەی 1800 کەسن و کەموکورتییان هەیە."
جگە لە مورشید و کۆمپانیاکان، ئەم ساڵ 116 هەزار و 693 کەس ناویان بۆ حەج تۆمارکردووە. بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە گوتی: "ئەوانەی کەموکورتییان هەیە دوو جار ئاگادارکراونەتەوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن، جاری سێیەم نەماوە و ئەگەر لەم چەند رۆژەدا کێشەکانیان چارەسەر نەکەن، ئەوە ناویان ناچێتە تیروپشک، مەگەر هەڵەیەکی زۆر بچووکیان هەبێت و خۆمان بتوانین بۆیان چارەسەر بکەین."
ناونووسین بۆ حەج، ئەم ساڵ 21ی تەممووز دەستیپێکرد و 10ی ئاب کۆتایی هات. شێخ وریا بالیسانی لەبارەی کاتی تیروپشکەوە گوتی: "ئەمڕۆ داوای وردبینیی ئەو ناوانە دەکەینەوە لە تەکنەلۆژیای زانیاریی هەرێمی کوردستان، بۆ یەکشەممە یان دووشەممە دڵنیا دەبینەوە چەندیان کێشەیان چارەسەرکردووە و راستەوخۆ کاتی تیروپشکەکە رادەگەیێنین."
ئەم ساڵ تیروپشک بۆ حەجی ساڵی 2027 و 2028. هەروەها بڕیاردراوە بۆ حەجی ساڵی داهاتوو یەدەگەکانی پار، کە ژمارەیان زیاتر لە 2400 کەسە، ئەم ساڵ دەرفەتیان پێ بدرێت بچنە حەج.
شێخ وریا بالیسانی گوتی: "جگە لە ناوی یەدەگەکان، ئەم ساڵ زیاتر لە 2700 ناو هەڵدەبژێردرێن بۆ حەجی ساڵی داهاتوو؛ هەروەها زیاتر لە چوار هەزار کەس بۆ حەجی ساڵی 2028 هەڵدەبژێردرێن".
بەگشتی ئەم ساڵ 120 هەزار و 142 کەس ناویان تۆمارکردووە بچنە حەج. لەو ژمارەیە 116 هەزار و 693یان وەکو هاونیشتمانیی ئاسایی ناویان تۆمارکردووە؛ 602 مورشیدی ئایینی، 255 کۆمپانیا وەکو سەرقافڵە، 243 پزیشک و 2340 کەسیش وەک کەسوکاری شەهیدان ناویان تۆمارکردووە.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بۆ حەجی دوو ساڵی داهاتوو، "پشکی شێر بۆ بەتەمەنەکان دەبێت و وا دەکەن ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 45 بۆ 70 ساڵە چانست زیاتریان پێ بدرێت.
پار ناونووسین بۆ حەج، لە 11ی ئەیلوول دەستیپێکرد و 26ی هەمان مانگ کۆتایی هات. زیاتر لە 90 هەزار کەس داواکارییان لەڕێگەی فۆرمی ئەلیکترۆنی پڕکردەوە، لەو ژمارەیە 5120 کەس بە تیروپشک ناویان دەرچوو.
بۆ حەجی ساڵی 2026، 7ی ئایار یەکەم گەشتی حاجیان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ رێوڕەسمەکانی حەج دەستیپێکرد و دوایین گەشت 17ی ئایار بوو.



