رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکی دۆمێزی شاری کەرکووک، ژنێکی تەمەن 15 ساڵ بەهۆی سووتانەوە کۆچی دواییکرد. پۆلیسی پارێزگاکەش هاوژینەکەی بە تۆمەتی سووتاندنی دەستگیر کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شەوی رابردوو لە رووداوی سووتانی ئافرەتێک ئاگادار کراینەوە و دەستبەجێ گەیشتینە شوێنی رووداوەکە. ئافرەتەکەمان گەیاندە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، کاژێر 12:15 کۆچی دواییکرد."
گوتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوە کرد، کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە نێوان ژن و پیاوەکەدا هەبووە و گوتی: "ئافرەتەکە پێش گیانلەدەستدانی و لە کاتی وەرگرتنی گوتەکانیدا لە نەخۆشخانە، رایگەیاندووە کە هاوژینەکەی سووتاندوویەتی."
پۆلیسی کەرکووک، هاوژینی ئافرەتەکەی دەستگیر کردووە، بەڵام وەک عامر شوانی دەڵێت: "پیاوەکە رەتیدەکاتەوە هاوژینەکەی سووتاندبێت، بەڵام ئێستا بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە."
ژن و پیاوەکە لە نەتەوەی عەرەبن و دانیشتووی گەڕەکی دۆمێزی شاری کەرکووکن.



