رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی چەمچەماڵ دەڵێ، سەرەڕای باشتربوونی دۆخەکە بەراورد بە رابردوو، هێشتا چەمچەماڵ کێشەی کەمئاویی هەیە و 9 بۆ 10 رۆژ جارێک ئاو دەگاتە گەڕەکەکان.
زیاد جاندار، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی قەزای چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەراورد بە 15 رۆژ پێش ئێستا، کەمێک دۆخەکە باشترە، بەڵام هێشتا نۆ بۆ 10 رۆژ جارێک ئاو دەگاتە گەڕەکەکان کە ئەمە زۆر کەمە."
سەبارەت بە بڕی ئاوی دابینکراو، بەڕێوەبەری ئاو ئاماژەی بەوە کرد، دوای چاککردنەوەی بۆرییەکانی سلێمانی، رۆژانە نزیکەی 30 هەزار مەتری سێجا ئاو بۆ چەمچەماڵ و بازیان دەنێردرێ؛ گوتیشی: "ئەم بڕە زۆر کەمە، چونکە ئێمە تەنیا بۆ قەزاکەمان پێویستمان بە 60 هەزار مەتری سێجا ئاوە. چەندین جار داوامان کردووە پشکەکەمان زیاد بکرێ، بەڵام هێشتا جێبەجێ نەکراوە."
زیاد جاندار باسی لە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی قەیرانەکە کرد و دەڵێ: "بە هەوڵەکانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، بڕە پارەیەک تەرخانکرا و توانیمان سێ بیری سنووری کانی شەیتان چاک بکەینەوە، هەروەها هەندێک کۆمپانیاش یارمەتیمان دەدەن."
قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی دەوروبەری زیاتر لە 10 ساڵە بەدەست کێشەی کەمئاوییەوە دەناڵێنن. هیوای خەڵکی ناوچەکە تەواوبوونی پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ - گۆپتەپەیە، کە کارکردن تێیدا لە 30-06-2024 دەستیپێکردووە و بڕیاربوو تاوەکو 26-06-2026 تەواو بێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە چەند جارێک کارەکانی وەستاون.


.webp&w=3840&q=75)
