رووداو دیجیتاڵ
هاوشێوەی هەولێر، لە پارێزگای سلێمانی دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری بڕەکەی دیاریکرا و هیچ شۆفێرێک بۆی نییە لە 40 لیتر زیاتر وەربگرێت.
سەلام عومەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی 28ی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆیە بڕەکە بە 40 لیتر دیاریکرا، بۆ ئەوەی زۆرترین شۆفێر سوودمەند بێت."
لە هەولێر زیاتر لە مانگێکە هیچ شۆفێرێک رێگەی پێنادرێت لە 40 لیتر زیاتر بەنزینی 750 دیناری وەربگرێت، کە ئەوەش بە کارتی ئەلیکترۆنییە؛ هەندێکجار دوای زیاتر لە 15 رۆژ شۆفێر دەتوانێت دووبارە بەنزین وەربگرێتەوە.
14ی ئاب، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی بەنزینی بازرگانی رایگەیاند، دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری بۆ چەند هێندە زیاد دەکەن. وەزیری سامانە سرووشتییەکان 16ی ئاب رایگەیاند، رۆژانە 3.5 ملیۆن لیتر بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکەن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ نرخی بەنزینی بازرگانی دانەبەزیوە.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای هەولێر، لە 36 بەنزینخانەدا بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت.
نرخی بەنزینی بازرگانی
نرخی بەنزینی بازرگانی لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بە بەرزی ماوەتەوە. ئەمڕۆ هەینی، نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر لەنێوان 1700 بۆ 1800 دینارە؛ موحەسەن 2250 دینارە. دوو جۆر بەنزینی سووپەریش لە هەولێر هەن: یەکێکیان بە بەنزینی تورکی ناسراوە و لیتری بە 1900 دینارە، ئەوی دیکەشیان بەرهەمی ناوخۆیە و لیتری بە 2500 دینارە.
لە سلێمانی زیاتر لە مانگێکە نرخی بەنزین جێگیرە؛ ئەمڕۆ لیتری بەنزینی نۆرماڵ بە 1200 دینارە، موحەسەن بە 1750 دینار و سوپەریش بە 1900 دینارە.
نرخی هەموو جۆرەکانی بەنزین لە پارێزگای دهۆک نزیکە لە نرخەکانی هەولێر، لە هەڵەبجەش نزیکە لە نرخەکانی سلێمانی.
لە 6ی حوزەیران، نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بۆ 1175 دینار بەرزبووەوە و رۆژێک دواتریش لە سلێمانی نرخەکە بەرزبووەوە و گەیشتە 1050 دینار. دواتر رۆژ بە رۆژ نرخەکەی بەرزتر بووەوە؛ پێش 6ی حوزەیران، لە هەرێمی کوردستان نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لەنێوان 850 بۆ 900 دیناردا بوو.
بۆ دابەزینی نرخی بەنزین، 20ی تەممووز وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نابێت نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لیتری لە 850 دینار زیاتر بفرۆشرێت. رۆژێک دواتریش نرخی بەنزینی موحەسەنی بە 1000 دینار و سوپەری بە 1200 دینار دیاری کرد، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا و دوای چەند رۆژێک لە کەمیی بەنزین، 28ی تەممووز بازاڕ ئازاد کرا.
.jpg&w=3840&q=75)


