رووداو دیجیتاڵ
دوای نۆ مانگ لە چاوەڕوانی، بەشێک لە کێشەی دارایی کارمەندانی گرێبەستی تەندروستی لە دەڤەری راپەڕین چارەسەرکرا.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، 56 کارمەندی تەندروستی کە بەشێوەی "گرێبەستی کرێی رۆژانە" لە ناوەندە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکانی ئەو سنوورە کاردەکەن، لە کۆی هەشت مووچە، تاوەکو ئێستا سێ مووچەیان وەرنەگرتووە. لایەنی پەیوەندیداریش هۆکاری ئەم دواکەوتنە بۆ نەبوونی نەختینە لە بانکەکان و رێکارە کارگێڕییەکان دەگەڕێنێتەوە.
نوێنەرێکی ئەم کارمەندانە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، تاوەکو کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ، تەنیا مووچەی سێ مانگیان پێدرابوو. ئەو نوێنەرە ئاماژەی بەوەکرد کە ئەم کارمەندانە خزمەتێکی زۆر بە کەرتی تەندروستیی دەڤەری راپەڕین دەکەن، بەڵام پشتگوێخستنی شایستە داراییەکانیان بارگرانییەکی زۆری بۆ دروستکردوون.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کۆی تێچووی مووچەی مانگانەیان 30,360,000 دینارە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین جەخت لەوەدەکاتەوە کە هەوڵەکانیان بۆ دابینکردنی مووچەی ئەم کارمەندانە بەردەوامە.
د. سەفەر حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین، بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند: "ئەمڕۆ توانرا مووچەی مانگەکانی 4 و 5 بۆ ئەو کارمەندانە خەرجبکرێت و کارمەندەکان پارەکانیان لە بانک وەرگرتووە." بەمەش کۆی ئەو مووچانەی لەمساڵدا وەریانگرتووە گەیشتە پێنج مووچە، بەڵام هێشتا مووچەی سێ مانگی دیکەیان لای حکومەت ماوە.
د. سەفەر حەسەن، سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی ئەم مووچانە روونیکردەوە کێشەکە پەیوەندی بە دەسەڵاتی ئەوانەوە نییە و گوتی: "گرفتی سەرەکی نەبوونی نەختینە (کاش) بووە لە بانکەکاندا، هەرچەندە چەکی پارەکە ئامادەبووە، بەڵام بانکەکان پارەی پێویستیان لەبەردەستدا نەبووە بۆ خەرجکردنی." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد درەنگ دەستپێکردنی مامەڵەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان لە سەرەتای ساڵدا، یەکێکی دیکە بووە لە هۆکارە تەکنیکییەکان کە وایکردووە دوابکەوێت.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین گوتی: "ئێمە لە هاوئاهەنگیی بەردەوامدا دەبین لەگەڵ بانکەکان و ئیدارەی ناوچەکە بۆ ئەوەی لە مانگی داهاتوودا مووچەکانی دیکەشیان بۆ خەرجبکرێت."
.jpg&w=3840&q=75)

.webp&w=3840&q=75)
