رووداو دیجیتاڵ
قەزای بازیان کە جەمسەرێکی گرنگی پیشەسازی و کشتوکاڵە لە هەرێمی کوردستان، ئێستا لە چەقی ململانێیەکی تووندایە لەگەڵ پیسبوونی ژینگە. لەکاتێکدا چالاکڤانان هۆشداری لە مەترسییەکانی ماددە قورسەکان دەدەن، کارگەی چیمەنتۆی لافارژ رایدەگەیەنێت کە بۆ کۆتاییهێنان بە تەپوتۆز، فلتەرەکانیان دەگۆڕن بۆ سیستەمێکی پێشکەوتووی ئیتاڵی.
بازیان بەهۆی هەبوونی کارگەکانی ئاسن، چیمەنتۆ و پاتری، لەگەڵ زیاتر لە 25 هەزار خانووی پلاستیکیی کشتوکاڵی، ناوچەیەکی هەستیارە. هەرێم مەجید، چالاکڤانی مەدەنی لە قەزاکە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، بازیان بەدەست پیسبوونی خاک، هەوا و ژاوەژاوەوە دەناڵێنێت و دەڵێت: "پرسیار ئەوەیە پاشماوەی تیزاب و ماددە قورسەکانی کارگەی پاتری لەکوێ دەشاردرێنەوە؟" هەروەها هۆشداریدا لە مەترسیی "تیشکدان" لەو ئاسنە شکاوانەی لە خوارووی عێراقەوە دەهێندرێن.
قایمقامی بازیان: کارگە سەرپێچیکارەکانمان سزاداوە
تاریق رەشید، قایمقامی بازیان، بە رووداوی راگەیاند: "پاراستنی ژینگە لەپێشینەی کارەکانمانە و چەندین کارگەمان بەهۆی سەرپێچییەوە سزای پێبژاردن داوە." سەبارەت بە کارگەی لافارژ، قایمقامی بازیان ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو تەپوتۆزەی لێی دەردەچێت تەنیا لەکاتی بڕانی کارەبادایە و ماوەی 10 خولەک دەخایەنێت.
لافارژ: فلتەری نوێی ئیتاڵی جێگیردەکەین
ئامانج عومەر، بەرپرسی بەشی ژینگە لە کارگەی چیمەنتۆی بازیان (لافارژ)، گوتی: "سیستەمی ئێستای فلتەرەکانمان کارەباییە و لەکاتی پچڕانی کارەبا دەوەستن، ئەمەش دەبێتە هۆی دەرچوونی تەپوتۆز." جەختیشیکردەوە کە ئەو تەپوتۆزە تەنیا گڵ و بەردی لایمستۆنە و مەترسیی نییە.
بەرپرسی ژینگەی لافارژ مژدەی چارەسەری بنەڕەتیی کێشەکەی دا و رایگەیاند: "گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیتاڵی کردووە بۆ دروستکردنی فلتەری نوێی 'توورەکەیی' (Bag Filter)؛ ئەم سیستەمە تەنانەت لەکاتی بڕانی کارەباشدا رێگری لە دەرچوونی تەپوتۆز دەکات و بڕیارە لە ماوەی 18 مانگی داهاتوودا جێگیربکرێت."
بەگوتەی ئامانج عومەر، لافارژ لە ساڵی 2014ـەوە سیستەمی چاودێریکردنی 24 کاژێریی بۆ گازە دەردراوەکان داناوە و هەمووی لەژێر ستانداردە ژینگەییەکاندایە. ئاشکرایشیکرد کە تەنیا لە چەند ساڵی رابردوودا نۆ هەزار داریان لە ناوچەکە چاندووە و هاوکاریی پرۆژەکانی ئاودێری و خولی پیشەیی گەنجانی بازیانیان کردووە.

.webp&w=3840&q=75)
