رووداو دیجیتاڵ پڕۆژەی "شاری شەهیدانی کوردستان" لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستیپێکرد. پڕۆژەکە لە 160 خانوو پێکدێت و تایبەتە بەو خێزانانەی کەسوکاریان لە شەڕی دژ بە داعش شەهید بوون. ماوەی مانگێکە کارکردن لە پڕۆژەی شاری شەهیدان لە ناوچەیەکی ستراتیژیی سۆران و لەسەر شەقامی 40 مەتری دەستیپێکردووە. ئەم پڕۆژەیە سەرجەم خێزانی شەهیدانی هەر شەش قەزاکەی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەگرێتەوە و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی بۆ دابین دەکرێت. کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "مەرجی سەرەکی بۆ وەرگرتنی خانوو لەم پڕۆژەیەدا ئەوەیە کەسی سوودمەند دەبێت پلەی شەهیدی هەبێت. بەپێی یاسای ماف و ئیمتیازاتی شەهیدان، ئەرکی ئێمەیە زەوی، یان خانوو، یان هەر خزمەتگوزارییەکی دیکە بۆ ئەم خانەوادانە دابین بکەین." سەبارەت بەو شەهیدانەی زیاتر لە خێزانێکیان هەیە (خاوەن دوو هاوژینن)، بەڕێوەبەری گشتیی شەهیدانی سۆران روونیکردەوە: "هەردوو خێزانەکە مافی وەرگرتنی زەوی یان شوێنی نیشتەجێبوونیان هەیە، بەڵام زۆرجار بەهۆی زۆریی ژمارەی شەهیدانەوە، لە قۆناخی یەکەمدا یەک خێزان سوودمەند دەبێت و لە پڕۆژەکانی ئایندەدا خێزانی دووەم خانووی پێدەدرێت." پڕۆژەکە لەلایەن "کۆمپانیای مارینا"وە جێبەجێ دەکرێت و لیژنەیەکی باڵای هاوبەش چاودێریی کارەکان دەکەن کە پێکهاتوون لە: نووسینگەی سەرۆکی حکومەت، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەستەی وەبەرهێنان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی. کەریم کاوە دەڵێت: "بۆ ئێمە کات گرنگە، بەڵام کوالێتی لەوە گرنگترە؛ دەمانەوێت خانووەکان بە بەرزترین کوالێتی دروستبکرێن تاوەکو لە داهاتوودا هیچ کێشەیەکی تەکنیکی بۆ کەسوکاری شەهیدان دروست نەبێت."
هەواڵە ناوخۆییەکان27-08-2026دوای کارەساتەکەی کەسنەزان؛ پارێزگای هەولێر رێنمایی نوێ بۆ شۆفێرانی بارهەڵگر دەردەکات
هەواڵە ناوخۆییەکان27-08-2026پاسپۆرتی سلێمانی بۆ هاونیشتمانییان: دەتوانن لە رێگەی 'عين العراق' نۆرە بگرن
هەواڵە ناوخۆییەکان27-08-2026تەندروستیی راپەڕین: مووچەی دوو مانگی کارمەندانی گرێبەستی کرێی رۆژانە خەرجکرا