رووداو دیجیتاڵ
نزیک کاژێر 12:00ـی شەوی رابردوو، درۆنێک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تێکشکێندرا، بەوهۆیەوە ئاگر لە پووش و پاوانی ناوچەکە کەوتەوە. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران دەڵێ، ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
رۆژی پێنجشەممە 27ـی ئابی 2026، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو ئاگرەی دوێنێ شەو لە گوندی بادلیان کەوتەوە، بەهۆی تێکشکاندنی درۆنێکەوە بووە، دواتر ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا."
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام زیان بە پووش و پاوانی ناوچەکە گەیشتووە.
کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی سۆران بە رووداوی گوت: "نزیکەی 20 دۆنم زەوی سووتا، دوای نزیکەی نیو کاژێر توانیمان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەین".
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو لە سۆران، ئەو شوێنەی ئاگری گرتووە تەنیا یەک کیلۆمەتر لە ئاوەدانی دوورە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، تاوەکو بەرەبەیان تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە هاوکاری هاووڵاتییان ناوچەکە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بوون، بۆ ئەوەی رێگری لە تەشەنەکردنی بکەن.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی جەنگەوە تاوەکو ئێستا بە 983 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامدا 32 کەس شەهید بوون و 156 کەسیش بریندار بوونە.
ژمارەی هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان:
- پارێزگای هەولێر: 677 هێرش
- پارێزگای سلێمانی: 272 هێرش
- پارێزگای دهۆک: 31 هێرش
- پارێزگای هەڵەبجە: 3 هێرش

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)