رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندێکی سنووری ئیدارەی راپەڕین، رووداوێکی هاتووچۆ لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلدا روویدا. گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی راپەڕین دەڵێ، بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و سێ دیکەش کە ئەندامی یەک خێزانن بریندار بوون.
رۆژی چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، موقەدەم عەلی عەبدوڵڵا، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رووداوەکە نزیک کاژێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ لە نزیک گوندی هیزۆپ لە نێوان دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی BMW و کیایەکی بارهەڵگر روویداوە."
بە گوتەی موقەدەم عەلی، لە ئەنجامی رووداوەکەدا شۆفێری ئۆتۆمبێلە کیاکە گیانی لەدەستداوە. هەروەها لە ئۆتۆمبێلەکەی دیکە سێ کەس بریندار بوون، کە ئەندامی یەک خێزانن پێکهاتوون لە ژن و مێردێک و منداڵێکیان.
گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی راپەڕین گوتی: "بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە". و لێکۆڵینەوەی پۆلیسیش لەبارەی هۆکاری رووداوەکە دەستیپێکردووە.


