رووداو دیجیتاڵ
مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دەربەندیخان لە کێوماڵێکیاندا بۆ سنووری ناوچەکانی شەمێران و تاوەگۆزی، دەستیان بەسەر ژمارەیەک داری بڕدراودا گرت و لێکۆڵینەوەش بۆ دۆزینەوەی سەرپێچیکاران بەردەوامە.
هێمن کەمەرخانی، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستانی دەربەندیخان بە مەبەستی چاودێری و پاراستنی ژینگە، دەرچوونێکیان بۆ سنووری گوندەکانی (کانی کەوە و بیمارۆک) ئەنجامدا؛ لەوێ توانرا دەست بەسەر ژمارەیەک داری بڕدراودا بگیرێت."

گوتەبێژی پۆلیسی دارستان ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتی گەیشتنی مەفرەزەکان بۆ شوێنی رووداوەکە، هیچ کەسێک لەوێ بەدی نەکراوە و سەرپێچیکاران شوێنەکەیان جێهێشتووە.
پەڕاوی یاسایی بۆ رووداوەکە رێکخراوە و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد دەستیپێکردووە بە ئامانجی دۆزینەوەی ئەو کەسانەی دارەکانیان بڕیوەتەوە، تاوەکو رادەستی دادگە بکرێن.




